تیمێکی پزیشکانی ئیتاڵی بە پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی پشکنین و چارەسەر بۆ دەیان منداڵ لە دهۆک دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
د. محەممەد مەحموود و د. ریکاردۆ مۆسچێتی لەکاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ دکتۆر لونای پێشکێشکاری تەندروستی لەنێو نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک.
د. محەممەد مەحموود و د. ریکاردۆ مۆسچێتی لەکاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ دکتۆر لونای پێشکێشکاری تەندروستی لەنێو نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

تیمێکی پزیشکانی ئیتاڵی بە پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی قەستەرە و هێڵکاریی دڵ بۆ دەیان منداڵ لە دهۆک دەکات و تیمەکە بە هاوکاریی رێکخراوی هیڤی چارەسەری کێشەکانی دڵی منداڵان دەکەن. پزیشکێکی ئیتاڵیی نێو تیمەکە دەڵێ، هیچ منداڵێک بەبێ چارەسەر بەجێ ناهێڵن.
 
هەر منداڵێک لەلایەن تیمە ئیتاڵییەکەوە پێشنیاز بکرێت کە ببرێتە ئیتاڵیا، ئەوا دەبرێت و ئەو تیمە پزیشکییە ئیتاڵیە هەفتەیەک لە هەرێمی کوردستان دەبێت و تووشبووی نەخۆشییەکانی دڵ دەبینێت.
 
د. محەممەد مەحموود، بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی هیڤی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بۆ رووداو دەڵێت: پێداویستی و خەرجیی هاوەڵەکانی ئەو منداڵانەی دەنێرینە ئیتاڵیا بەخۆڕاین و وەکو رێکخراوی هیڤی لەماوەی 20 ساڵدا 321 نەخۆشی دڵمان رەوانەی ئیتاڵیا کردووە.
 
د. محەممەد مەحموود گوتی، ''تیمەکە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئازادین لە دهۆک و توانای مرۆیی لەو نەخۆشخانەیە زۆر باشە، بەڵام هێشتا پێویستی بە پسپۆڕیی وردە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە دەگمەنەکان''.
 
لەبارەی ئامارەکانەوە دەریدەخات، لە ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا 627 منداڵ بۆ چارەسەر و پشکنین لەلایەن ئەم تیمە ئیتاڵییەوە تۆمار کراون، داواکاریش بۆ زیاتر لە 11 هەزار منداڵ کراوە.
 
''دڵکونی باوترین نەخۆشیی دڵە لەنێو منداڵانی هەرێمی کوردستانە''
 
د. ریکاردۆ مۆسچێتی، پسپۆڕی وردی چاودێریی چڕ لە ئیتاڵیا و ئەندامێکی تیمە ئیتاڵییەکە دەڵێت: گرنگە کە هەموو منداڵانی تووشبووی نەخۆشیی دڵ لە هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن.
 
ئەو پسپۆڕە ئاشکرای کرد، زۆرترین ئەو نەخۆشخانەی بینیویانە دڵکونیی سکماکییان هەبووە کە نەخۆشییەکە بە ناوی VSD ناسراوە. تەنانەت ئەوەش باس دەکات کە ئەوان وەکو تیم هاوکاریی تەواوی پزیشکانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی ئەزموونیان لێ وەربگرن.
 
''تیمە ئیتاڵییەکە یەک هەفتە لە دهۆک دەبێت''
 
د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، تیمەکە لە سەنتەری ئازادی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ پێکهاتوون لە نەشتەرگەری دڵ، پسپۆڕی بێهۆشکردن و چاودێریی چڕ بۆ ماوەی یەک هەفتە چەندین پشکنین و نەشتەرگەریی دڵ بۆ منداڵە نەخۆشەکان دەکەن.
 
د. ئەفراسیاب مووسا ئەوەشی باس کرد، پشکنینەکان بریتیدەبن لە پشکنینی خوێن، هێڵکاریی دڵ و پشکنینی فیزیایی، پاشانیش زۆربەی نەشتەرگەرییەکان بە رێگەی قەستەرە دەکەن.
 
''رێکخراوی هیڤی زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار نەخۆشی بەخۆڕایی چارەسەر کردووە''
 
گەیشتنی تیمەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی تایبەتە بۆ بەهێزکردنی سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی هاوکاریی نێوان رێکخراوی هیڤی، رێکخراوی SIA و نەخۆشخانەی جیانینا گاسلینی لە ئیتاڵیا. رێکخراوی هیڤی لە ساڵی 2005ـەوە دامەزراوە، لەلایەن بەشی تەندروستیی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتیی دەکرێ.
 
نەشتەرگەرییەکان و خەرجیی تیمە ئیتاڵییەکە تێچوویەکی زۆریان تێدەچێت، بەڵام بە خۆڕایی دەیانکەن. رێکخراوی هیڤی دەڵێ، ساڵی 2024 زیاتر لە 227 هەزار منداڵی تووشبووی نەخۆشییە سکماکییەکانی دڵ سوودیان لە پڕۆژە چارەسەرییەکانیان بینیوە.
 
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی هیڤی، ساڵی 2024 چارەسەری سرووشتیان بۆ 20 هەزار و 807 کەس دابینکردووە کە نەخۆشییەکانی ئیفلیجی، پەککەوتەیی و ناڕێکیی جووڵەیان هەبووە.
 
ئەمە جگە لەوەی کە رێکخراوەکە چەندان کادیری تەندروستی لەسەر دەستی کەسانی شارەزا و لێهاتوو پێگەیاندووە تاوەکو لێهاتوویی و ئەزموونیان لێوە فێربن و بۆ خەڵکانی هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنن.
 
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە زیاتر لە دوو ملیۆن و 503 هەزار نەخۆش چارەسەرییان لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی هیڤی بۆ کراوە. رێکخراوەکە 547 نەخۆشی لە سەرجەم نەخۆشییەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر ناردووەتە ئیتاڵیا.
 
دکتۆر لونا لە دهۆکە و لای منداڵێکە کە کێشەی دڵی هەیە؛ بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ رێکخراوی هیڤی دەیبەنە نەخۆشخانە و نەشتەرگەریی بۆ دەکەن
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە