رووداو - تەندروستی
بەپێی راپۆرتێکی ساڵانەی رێکخراوێک، لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024دا 7794 تەخت لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا هەبووە، لەکاتێکدا بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەوە زۆر کەمترە لە ئاستی ستاندارد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-7-2025 رێکخراوی ئاران راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ چاودێریی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راگەیاند و تێیدا هاتبوو، 7794 تەخت لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا هەن بە هەردوو جۆری تەختی مانەوەی کورتخایەن و درێژخایەن؛ واتا ئەو تەختانە بۆ زیاتر لە شەش ملیۆن و 500 هەزار دانیشتووی هەرێمی کوردستانن کە دەکاتە 119 تەخت بۆ 100 هەزار کەس.
بەڵام بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، پێویستە بۆ هەر 100 هەزار کەسێک، 300 بۆ 400 تەخت هەبن؛ ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هەرێمی کوردستان بەپێی ژمارەی دانیشتووانەکەی، پێویستە زیاتر لە دوو ئەوەندەی ئێستای تەختی هەبێت، بەڵام ئێستا تەنیا 7794 تەختی هەیە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ساڵی 2012دا 7192 تەخت هەبوون، دوای 12 ساڵ و لە 2024دا بووە بە 7794 تەخت کە تەنیا 602 تەخت زیادکراون، لەکاتێکدا گەشەی دانیشتووان لەو 12 ساڵەدا 24٪ بووە.
لەنێو راپۆرتەکەی رێکخراوی ئاران ئەوەش ئاشکرا کرا، لە هەرێمی کوردستان 87 نەخۆشخانەی حکومی هەن؛ هەولێر 34، سلێمانی 29، دهۆک 19 و هەڵەبجە 5 نەخۆشخانەی حکومییان تێدایە.
تەختی چاودێریی چڕ؛ ئامارەکانی رێکخراوەکە ئەوە دەردەخەن، 224 تەختی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا هەن؛ واتا ئەو تەختانە بۆ زیاتر لە شەش ملیۆن و 500 هەزار دانیشتووی هەرێمی کوردستانن کە دەکاتە 3.4 تەختی چاودێریی چڕ بۆ 100 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ