رووداو - تەندروستی
رۆژنامەی نیورالینکی کۆمپانیای ئیلۆن مەسک رایدەگەیێنێت، چیپەکانی مێشکیان بۆ 12 کەس چاندووە و ئامانجیانە نەخۆشییە دەمارییەکانیان چاک بکەن.
لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵ کۆمپانیای نیورالینک رایگەیاند، توێژینەوەیەکی کلینیکی لەسەر مرۆڤ لە بەریتانیا تاقیدەکاتەوە کە چیپ لە مێشکی مرۆڤدا دەچێنن، ئەمەش بە هاوبەشی لەگەڵ نەخۆشخانەکانی زانکۆی کۆلێژی لەندەن و نەخۆشخانەی نیوکاسڵ.
کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە، ئەو جۆرە چیپانەیان بۆ چەند کەسێک چاندووە و 2 هەزار رۆژ کە دەکاتە زیاتر لە 15 هەزار کاژێر کاریان کردووە بۆ ئەوەی بە تەواوی تاقیبکەنەوە. لەوەش سەرکەوتوو بوون و ئێستا لەسەر 12 کەسی دیکەش تاقیدەکەنەوە. سەرچاوەی ئەم تاقیکردنەوانەی کۆمپانیاکەش بۆ ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 650 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە.
ئامانجی کۆمپانیاکە چییە؟
داهێنەرانی کۆمپانیاکەی نیورالینکی ئیلۆن مەسک بۆ چاندنی مێشک، دەیانەوێت لەڕێگەی چیپێک یاخود پارچەیەکی بچووکی ئەلیکترۆنی کە بە ژیریی دەستکرد چالاککراوە و بەرنامەڕێژ کراوە، توانای جووڵە بە کەسانی ئیفلیجبوو بدەنەوە.
ئەو چیپە بچووکانە دەتوانن ئاماژە و سیگناڵەکانی مێشک چالاکبکەن و بە خێرایی بیگوازنەوە بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە، وەکو قاچ و دەستەکان، بەمەش مێشک توانای دەبێت ئەو بەشەی ئیفلیجبووە یاخود لەکارکەوتووە، بکەوێتەوە جووڵە.
ئامانجێکی دیکەی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیەی کە چیپەکە کۆنتڕۆڵی سیگناڵەکانی مێشک دەکات، بەمەش هەر بیرکردنەوەیەک لە مێشکەوە بێت، راستەوخۆ ئەو چیپە وەری دەگرێت و دەزاندرێت کەسەکە بیر لە چی دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ جووڵەیەک بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ