توێژینەوەیەک: هیچ پەیوەندییەک لەنێوان پاراسیتامۆل و ئۆتیزمدا نییە

10-11-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو - هەولێر 

نوێترین توێژینەوەی بڵاوکراوە لە رۆژنامەی زانستی بەریتانیدا رەتیدەکاتەوە، کە پەیوەندی لەنێوان وەرگرتنی پاراسیتامۆل لەلایەن ژنانی دووگیان و تووشبوونی کۆرپەلە بە نەخۆشی ئۆتیزم هەبێت. پێشتر چەند جارێک سەرۆکی ئەمریکا ئەو دەنگۆیەی بڵاوکردبووەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2025، ژمارەیەک توێژەری بەریتانیا توێژینەوەیەکی زانستییان لە رۆژنامەی پزیشکی بەریتانیادا بڵاوکردەوە، لەبارەی پەیوەندی نێوان پاراسیتامۆل و تووشبوونی کۆرپە بە ئۆتیزم. 
 
لە توێژنەوەکەدا هاتووە، "هیچ بەڵگەیەک نییە پەیوەندی روونی" نێوان پاراسیتامۆل و تووشبوونی منداڵان بە نەخۆشی ئۆتیزم پیشانبدات. پاراسیتامۆل زیاتر وەکو ئازارشکێن بەکاردەهێندرێت. 
 
ئەوەش هاتووە کە پێشتر ژمارەیەک توێژینەوە هەبوون، کە ئەو پەیوەندییەیان پیشاندەدا بەڵام ئاستی ئەو توێژینەوانە "زۆر خراپ" بوو، چونکە ئەو هەنگاوانەیان بە باشی پێشان نەدەدا، کە چۆن ئۆتیزم لەنێو خێزاندا دەگوازرێتەوە. ئەو توێژینەوانە بە روونی پشانیان نەدا، کە دەکرێت پاراسیتامۆل ببێتە هۆی ئۆتیزم. 
 
ئەیلوولی ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وەرگرتنی پاراسیتامۆل لەلایەن ژنانی دوگیانەوە مەترسیی تووشبوونی کۆرپەکانیان بە ئۆتیزم زیاد دەکات. 
 
رێکخراوی تەندروستی جیهانیش چەند جارێک رایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا نییە، پاڵپشتی ئەوە بکات کە پاراسیتامۆل و ئازارشکێنەکانی وەکو تیلینۆل و پانادۆل ببنە هۆی وەچەخستنەوەی ئۆتیزم. 
 
ئۆتیزم حاڵەتێکی ئاڵۆزی مێشکە و لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا بەهۆی کێشەیەکی کۆئەندامی دەمار دەردەکەوێت، فرمانی ئاسایی مێشک تێکدەچێت و توانای گفتوگۆ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەسەکە کەم دەبنەوە.
 
پزیشکان دەڵێن ئەو منداڵانەی لە قۆناخێکی سەرەتایی ئۆتیزمدا دەستنیشاندەکرێن و دەست بەچارەسەریان دەکرێت، مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە رووی رەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان باشتردەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە