وردەکاریی گیانلەدەستدانی ملیۆنێرێكی ئیسرائیلی دوای نەشتەرگەریی ''گەورەکردنی چووک'' ئاشکرا دەکرێت

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

گەورەبازرگانێکی بە رەچەڵەک ئیسرائیلی و دامەزرێنەری کۆمپانیای ئۆمێگا دایمۆندس، دوای نەشتەرگەریی گەورەکردنی چووک گیانی لەدەستداوە و دوای 7 ساڵ وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکرێت.
 
نوێترین لێکۆڵینەوەکان لەبارەی لێکۆڵینەوەی کەیسی ئەو بازرگانە دەریدەخەن، ئێهیو ئاریێی لانیادۆ، ملیۆنێکی ئیسرائیلی لە ئاداری ساڵی 2019 لە تەمەنی 65 ساڵیدا لە کلینیکێکی تایبەت لەکاتی نەشتەرگەریدا دەرزیی گەورەکردنی چووکی لێدراوە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
 
لە لێکۆڵینەوەکاندا هاتووە، تیمی فریاکەوتن سەرەتا ئاگادار کراونەتەوە لە دۆخی ئێهیو ئاریێی و چوون بە سەردەمییەوە، بەڵام دۆخەکەی مەترسیدار نەبووە، دوای ماوەیەک جارێکی دیکە ئاگادارکراونەتەوە کە دیسانەوە تەندروستیی تێکچووە و کە چوون، بۆیان دەرکەوتووە؛ جەڵتەی دڵ لێی داوە و گیانی لەدەستداوە.
 
کلینیکەکە لە فەرەنسا بووە و پزیشکەکەی بەوە سزادرا کە مۆڵەتی کارکردنی نەبووە، ناوی لە سەنیکای پزیشکانی فەرەنسا تۆمار نەکراوە و بڕوانامەی پزیشکییەکەشی لەو وڵاتە دانی پێدا نەنرابوو.
 
ئەنجامی توێکاری
 
توێکاری بۆ تەرمی ئەو بازرگانە کراوە و دەرکەوتووە کە تووشی گەورەبوونی ماسوولکەکانی دڵ بووە بە ناوی Cardiac hypertrophy و هەر ئەوەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.
 
لیژنەی دادوەریش گوتویەتی، ئێهیو ئاریێی لانیادۆ لە هۆتێلەکەی لە فەرەنسا دەرمانی قەدەخەکراوی بۆ چارەسەری لاوازیی سێکسی بەکارهێناوە.
 
سزاکە
 
لە کۆتاییدا دادگەی پاریس سزای بەسەر (پزیشکی سەرپەرشتیکار کە 15 مانگ زیندانیکردن بوو لەگەڵ سزای یاریدەدەرەکەشی 12 مانگ زیندانیکردن بو) دا. پاشانیش هەردووکیان بۆ هەمیشەیی لە هەموو نەشتەرگەرییەکی جوانکاری قەدەخەکران. بڕی 20 هەزار بۆ 50 هەزار یۆرۆش سزای دارایی دران.
 
گەورەبوونی ماسوولکەکانی دڵ Cardiac hypertrophy چییە؟
 
بەپێی مایۆکلینیک، دۆخێکە کە دیواری ماسوولکەکانی دڵ گەورە دەبن و بە قورسی دڵ پاڵ بە خوێنەوە دەنێت، باوترین نیشانەشی (هەناسەتەنگی، ئارەقەکردنەوە، سینگئێشەی کاتی وەرزش، بوورانەوە و دڵەکوتێ لەکاتی راکردن و خۆماندووکردن).
 
هۆکارەکانی بریتین لە (بۆماوەیی، نەخۆشییەکانی ماسوولکەی دڵ و کاریگەریی لاوەکیی هەندێک دەرمان).
 
بۆ خۆپاراستنیش پێویستە (شێوازی ژیانی تەندروست پەیڕەو بکرێت و هیچ دەرمانێک بەبێ راوێژی پزیشک نەخورێت، پاشانیش پشکنینی گشتی بکرێت و هەمیشە بایەخ بە خەو و خۆراکی باش بدرێت).
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە