تەندروستیی دهۆک ستایشی تیمە ئیتاڵییەکە دەکات کە بەخۆڕایی پشکنین و چارەسەری دڵ بۆ منداڵان دەکەن

10-11-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

تیمێکی پسپۆڕی ئیتاڵی لە بواری نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان گەیشتوونەتە دهۆک، بۆ ئەنجامدانی پشکنین و قەستەرەی دڵ بۆ دەیان منداڵ کە بەشێکیان تووشبووی نەخۆشییە زگماکییەکانی دڵن. ئەرکەکەیان کە هەفتەیەک دەخایەنێت، بە پشتیوانیی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی پرۆگرامی رێکخراوی "هیڤی" بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 10-11-2025 د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک سەردانی تیمەکەی کردووە و خۆشحاڵی خۆی راگەیاند بە هاوکاریی بەردەوامیی رێکخراوی هیڤی و لەگەڵ تەندروستیی دهۆک تاوەکو ئەو منداڵانەی نەخۆشیی سکماکیی دڵیان هەیە چارەسەر بکەن.
تیمەکەی تەندروستیی دهۆک سەردانی نەخۆشخانەی ئازادییان کردووە، چونکە ئەو تیمە لە نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک منداڵەکان دەبینن و پشکنین و چارەسەریان بۆ دەکەن.

سەردانی تیمەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی تایبەتە بۆ بەهێزکردنی سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، کە بە هاوبەشیی نێوان رێکخراوی هیڤی، رێکخراوی SIAی ئیتاڵی  و نەخۆشخانەی "جیانینا گاسلینی" لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێ.
 
د. محەممەد مەحموود، بەڕێوەبەری پڕۆژە لە رێکخراوی هیڤی لە هەمان ناوەند، بە رووداوی گوت، تیمەکە لە 7ـی تشرینی دووەمەوە تاوەکو 15ـی مانگ لە سەنتەری دڵی ئازادی لە دهۆک کار دەکەن و پلان وایە چارەسەر بۆ نزیکەی 30 نەخۆش بکرێت.
 
رێکخراوی هیڤی کە لە ساڵی 2005ـەوە دامەزراوە و لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانی دەکرێت، رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار نەخۆش لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە پڕۆژەکانیان سوودمەند بوون و 547 نەخۆشیشیان بۆ چارەسەر ناردووەتە ئیتاڵیا.
 
لە دوای سەردانی تیمە ئیتاڵییەکە، 12 منداڵ چارەسەر کران و 200 منداڵیش پشکنران
 
لە دوایین سەردانیان، تیمە ئیتاڵییەکە رۆژی 12-06-2025 گەیشتنە هەرێمی کوردستان و لە شەش رۆژدا نەشتەرگەرییان بۆ دڵی 12 منداڵ کرد و پشکنینیان بۆ 200 منداڵی دیکە کرد.
 
ئەو کاتە تیمەکە لە 13 کەس پێکهاتبوون، ئەوانیش پزیشكانی نەشتەرگەرییەکانی دڵی منداڵان، پسپۆڕی دڵ، پسپۆڕانی سڕکردن و چاودێریی چڕ، پەرستاری چاودێریی چڕ و پەرستاری، لەماوەی مانەوەیان لە کوردستان پشکنینی دڵیان بۆ کۆرپەی نێو سکی خانمانی دووگیان کرد، بۆ ئەوەی لەنێو سکی دایکیاندا ئەو منداڵانە دەستنیشانبکەن کە گرفتی سکماکیان هەیە.
 
رێکخراوی هیڤی دەڵێ، ساڵی رابردوو زیاتر لە 227 هەزار منداڵی تووشبووی نەخۆشییە سکماکییەکانی دڵ سوودیان لە پڕۆژە چارەسەرییەکانیان بینیوە.
 
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی هیڤی، ساڵی رابردوو چارەسەری سرووشتیان بۆ 20 هەزار و 807 کەس دابینکردووە کە نەخۆشییەکانی ئیفلیجی، پەککەوتەیی و ناڕێکیی جووڵەیان هەبووە.
 
ئەمە جگە لەوەی کە رێکخراوەکە چەندان کادیری تەندروستی لەسەر دەستی کەسانی شارەزا و لێهاتوو پێگەیاندووە تاوەکو لێهاتوویی و ئەزموونیان لێوە فێربن و بۆ خەڵکانی هەرێمی کوردستان بەکاری بهێنن.
 
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە زیاتر لە دوو ملیۆن و 503 هەزار نەخۆش چارەسەرییان لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی هیڤی بۆ کراوە.
 
رێکخراوەکە 547 نەخۆشی بۆ وەرگرتنی چارەسەر ناردووەتە ئیتاڵیا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە