رووداو- هەولێر
توێژینەوەیەکی نوێ زانکۆی پێردو لە ئەمریکا لە کاریگەرییەکانی خواردنی پڕۆتینی لەسەر تەندروستی جەستە لە کەسانی ئاساییدا کۆڵیوەتەوە و دەرکەوتووە، زۆر خواردنی پڕۆتین سوودێکی ئەوتۆی لەسەر جەستەی کەسانی ئاسایی نییە.
پسپۆڕانی خۆراک لە زانکۆ ئەمریکییەکە روونیدەکەنەوە، زۆر خواردنی پڕۆتین لەو کەسانەی وەرزشی لەشجوانی ئەنجامنادەن و بەشداری پرۆگرامەکانی دابەزاندنی کێش ناکەن سوودێکی ئەوتۆی نییە.
زیانەکانی زۆرخواردنی پڕۆتین:
قەبزی
زیانگەیشتن بە گورچیلەکان
وشکبوونەوەی جەستە
لەدەستدانی کالیسیۆمی جەستە
د. جۆشوا هۆدسن، پسپۆڕی خۆراک و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، رێکلامی زۆر بۆ بەرهەمەکانی پڕۆتین و سوودەکانی زۆر خواردنی پڕۆتین دەکرێن, ئێمە لەم توێژینەوەیەدا دەڵێین، بۆ ئەوانەی وەرزشدەکەن و دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن بێگومان خواردنی پڕۆتین پێویستە، بەڵام بۆ کەسێکی ئاسایی دەبێت رۆژانە بەبڕێکی دیاریکراو وەربگیرێت.
سوودەکانی خواردنی پڕۆتین:
•هەستی تێربوون دەبەخشێت
•ماسولکەکان گەورەدەکات
•ئێسکەکان بەهێزدەکات
•سووتاندی چەورییەکان خێرادەکات
•بەرزەپەستانی خوێن کەمدەکاتەوە
بەگوێرەی بەشی کشتووکاڵی ئەمریکا، رۆژانە هەر کەسێکی پێگەیشتوو دەبێت 0.8 گرام پڕۆتین بۆ هەر کیلۆگرامێکی جەستەی وەربگرێت، بەتێکڕا پیاوان 56 گرام و خانمانیش 46 گرام.
سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی پڕۆتین:
•گۆشت
•هێلکە
•بەرهەمە شیرمەنییەکان
•چەرەس
•پاقلەمەنییەکان
پزیشکانی ئەمریکی سەرپەرشتیاری ئەم توێژینەوەیە دەڵێن، بۆ ئەو کەسانەی وەرزشناکەن و کێشی جەستەیان دانابەزێنن پێویست ناکات زیاتر لەو بڕەی بۆیان دیاریکراوە پرۆتین بخۆن، بەڵام ئەو کەسانەی بەنیازن کێشیان دابەزێنن یان وەرزشوانان دەبێت خواردنی پڕۆتین پشتگوێ نەخەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ