رووداو - تەندروستی
ئیبۆلا 17ـەمین جارە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لە ئەفریقا بڵاودەبێتەوە. ئەم ساڵ تاوەکو رۆژی دووشەممەی ئەم مانگە؛ 256 تووشبوو تۆمارکراون بەڵام 10یان پشتڕاست کراونەتەوە، هاوکات 88 مردنی گوماناوی بە ڤایرۆسی ئیبۆلا تۆمارکراون.
ساموێل رۆجەر کامبا، وەزیری تەندروستیی کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ رایدەگەیێنێت ''لێرە لە بونیا، لە روامپارا و مۆنگوالو تووشبوو دەستنیشان کراون، چادرمان هێناوە بۆ ئەوەی شوێنی چارەسەرکردنیان بۆ دابنێین، چونکە نەخۆشخانەکان بەهۆی زۆریی تووشبووەوە گوشاری زۆریان لەسەرە. 59 نەخۆش لەژێر چاودێریی چڕدان''.
ئەم جۆرە نوێیەی ئیبۆلا کە بڵاوبووەتەوە، هیچ ڤاکسین و چارەسەرێکی نییە؛ رێژەی کوشندەییشی دەگاتە سەروو 50٪ کە زۆر لە کۆرۆنا کوشندەترە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا بارێکی لەناکاوی جیهانییە و پێویستە هەوڵی جیدی بدرێ بۆ پێشگیریکردن لێی، بەتایبەت لەلایەن وڵاتانی دراوسێی کۆنگۆ.
د. جین کاسێیا، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەفریقا دەڵێت: ئیبۆلا چەندین جۆری هەیە، ئەم جۆرەیان خەڵکێکی زیاتر دەکوژێت و ئەگەر تووشبوو چارەسەر نەکرێت، رێژەی مردن بەهۆیەوە زیاتر دەبێت لە 70٪ بۆ 80٪. تەنانەت ئەمەی کە بڵاو بووەتەوە لە کۆنگۆ نە ڤاکسینی هەیە و نە دەرمان. هەر بۆیە ئێمە لە دڵەڕاوکێداین.
لە 50 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 15 هەزار کەس لە ئەفریقا بەهۆی ئیبۆلاوە مردوون. کوشندەترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەش لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لەنێوان ساڵانی 2018 و 2020 بوو، کە تێیدا نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس مردن.
ئیبۆلا چییە؟
ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندە و مەترسیدارە کە تائێستا ڤایرۆسەکە هیچ دەرمان و ڤاکسینێکی نییە، رێژەی کوشندەییەکەی نزیکەی 50٪ـە لەکاتێکدا رێژەی کوشندەیی کۆرۆنا 15٪ و کەمتریش بوو.
لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 15 هەزار کەس لە وڵاتانی ئەفریقا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. کوشندەترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لەنێوان ساڵانی 2018 و 2020 بوو، کە تێیدا نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستدا. تەنانەت ساڵی رابردووش 45 کەس هەر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەکە لە ئەفریقا گیانیان لەدەستدا.
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا
- تا و بێهێزی
- ئازاری ماسوولکەکان
- سەرئێشە
- سکچوون
- رشانەوە
- لیکی سەر پێست
- خوێنبەربوون
- شەکەتی و نەمانی ئارەزووی خواردن
چۆن ئیبۆلا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە خوێن، میز، بەڵغەم و رشانەوەی کەسی تووشبوو
- تێکەڵاوبوون و مانەوە لەو شوێنانەی گیانداری کێوی لێیە بەتایبەت شەمشەمەکوێرە
- گەشتکردن بۆ ئەو شوێنانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە
- سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوودا
- دایکی تووشبوو بۆ منداڵەکەی لەڕێگەی شیرپێدان
- بەرکەوتن بە کەلوپەلی پیسبووی تاقیگە بە خوێن و پاشماوەی کەسی تووشبوو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ