رووداو - تەندروستی
دامەزراوەیەکی پزیشکی لە ئوسترالیا چەند هەڵە و رێگەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میزکردن لە زستاندا پێشنیاز دەکات؛ چوونە توالێت وەکو خوویەک یەکێک لە هەڵەکانە و چارەسەر دەخاتەڕوو.
دەکرێت لە زستاندا میزەچرکێ یاخود هەستکردن بە میزهاتن بێزارکەر بێت و دامەزراوەی پزیشکانی میزەڕۆ لە ئوسترالیا رایدەگەیێنێت، چۆنیەتیی خواردن و خواردنەوەکان لەگەڵ چەندێتییان دەشێت هاوکار بن لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو کێشانە.
دامەزراوەی پزیشکانی میزەڕۆ لە ئوسترالیا ئەم خاڵانەی خوارەوە باس دەکات؛
1- خواردنەوەی کافاین سنووردار بکە؛ قاوە، چا، کاکاو، کۆلا و وزەبەخشەکان پڕن لە کافاین و میزەڵدان هەستیار دەکەن و هانی بەرهەمهێنانی زیاتری میز دەدەن. باشترە ئاوی گەرم لەگەڵ نەعنا یان زەنجەبیل یان لیمۆ تێکەڵ بکرێت، چونکە هەم گەرمت دەکەنەوە، هەمیش میزی کەمتر دروستدەکەن.
2- خواردنەوەی ئاو پشتگوێ مەخە؛ ئاو هەمیشە سوودی بۆ جەستە هەیە، جا لە هەر وەرزێکدا بێت، لە زستانیشدا یارمەتیدەرە لە پاراستنی هاوسەنگیی پلەی گەرمیی جەستە. رۆژانە لانیکەم دوو لیتر ئاو بخورێتەوە.
3- پاراستنی کێشڕێکی؛ لە زستاندا ئەو خۆراکانەی کالۆری و چەوریی زۆریان تێدایە گوشاری زیاتر لەسەر ماسوولکەکانی حەوز و میزەڵدان دروستدەکەن.
4- لەو خۆراکانە دوور بکەورەوە کە میزەڵدان هەستیار دەکەن؛ بەتایبەت خواردنی تەماتە، سۆس، کەچەب، مایۆنیز و شوکولاتە. باشترە سەوزە، میوە و دانەوێڵەی تەواو بخورێن.
5- رێگری لە قەبزی بکە؛ قەبزبوون هاندەرێکە کە ماسوولکەکانی میزەڵدان لاواز دەکات بۆ لەخۆگرتنی میز. باشترە خۆراکە ریشاڵییەکان بخورێن و وەرزشی هەمیشەییش بکرێت.
6- راهێنان بە ماسوولکەکانی حەوز و میزەڵدان بکە؛ لە یوتیوب بنووسە Kegel exercises و چەندین راهێنان هەن بۆ ئەو بابەتە کە زۆر کاریگەرن بۆ ئەوەی توانای راگرتنی میزت بەهێز بێت.
7- زێدەڕۆیی لە چوونە توالێتدا مەکە؛ پێویستە چوون بۆ ئاودەست ''توالێت'' پێویستی بێت، نەک خوویەک.
8- لەکاتی پێویست و گەشتدا؛ دەکرێت پاد و دایبی بەکاربهێندرێت بەتایبەت ئەوانەی بە خێرایی تەڕایی هەڵدەمژن و پێست وشک دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ