رووداو- هەولێر
رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایدەگەیێنێت حاڵەتێكی نوێی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە شاری بێنی لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات تۆمارکرا.
د. تێدرۆس ئادهانۆ، سەرۆکی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایدەگەیێنێت تۆمارکردنی حاڵەتی نوێی ئیبۆلا پێشبینیکراو بوو، ئێمە تیمەکانمان لە بێنی لە کۆنگۆ و ناوچە مەترسیدارەکانی دیکە هێشتبوونەوە.
سەرۆکی رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت وەک بەشێك لە بەدواداچوونەکانیان بۆ ڤایرۆسی ئیبۆلا، بۆ وەڵامدانەوەیان بۆ پەتا جیهانییەکان، رۆژانە هەزاران کەس پشكنینیان بۆ دەکرێت، نەخۆشێك دەستنیشانکراوە کە نیشانەکانی ئیبۆلای هەبوون و پشكنینەکانی ئەرێنی بوون، ئێستاش بەدوای ئەوانە دەگەڕێن کە بەرکەوتنیان لەگەڵ هەبووە، بۆ ئەوەی پێکوتەیان پێبدەن و پشكنینیان بۆ بکرێت.
د. ماتشیدیسۆ مۆیتی، بەڕێوەبەری هەرێمی لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەفریقا دەڵێت هەرچەندە ئێستا کۆرۆنا بەخێرایی لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە و هەموو وڵاتانای سەرقاڵ کردووە، بەڵام تواناکانیان دەخەنەگەڕ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا.
پێش تۆمارکردنی ئەم حاڵەتە، لە بەرواری 3ی مانگی رابردووی ئەمساڵ، کۆتا تووشبووی ئیبۆلا لە کۆنگۆ پشكنینەکانی نەرێنی دەرچوون و حاڵەتەکان لە وڵاتەکە کۆتاییان هات، تاوەکو ئێستا 3456 حاڵەتی تووسبوون تۆمارکراون، 2276 کەسیش بە ڤایرۆسەکە مردوون.
ئیبۆلا چییە؟
ڤایرۆسی نەخۆشییەكی كوشندەیە، پێنج جۆری هەیە و چواریان دەتوانن مرۆڤ نەخۆش بخەن، دوای ئەوەی دەچنە لەشەوە، خانەكان دەكوژن و وا لە هەندێكیان دەكەن بتەقنەوە، سیستمی بەرگریی لەش كاول دەكەن و دەبنە هۆی خوێنبەربوونی ناوەكی و بە نزیكەیی سەرجەم ئەندامەكانی لەش تێكدەدەن، ڤایرۆسێكی تا بڵێی ترسناكە، بەڵام تەنیا بە بەركەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ كەسی تووشبوودا دەگوازرێتەوە.
چۆن دەگوازرێتەوە؟
لە كەسێكەوە دەگوازرێتەوە بۆ كەسێكی دیكە لە رێگەی شلەی لەش، خوێن، پیسایی، رشانەوە، تۆوی پیاو، میز، ئارەقە، فرمێسك، هەروەها شیری دایكیش، كاتێك یەكێك لەو شلانە بچنە دەم، لووت، كۆئەندامی زاوزێ، یان شوختێكی پێست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ