تەندروستیی کەرکووک دڵنیایی دەدات: هیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوونمان نییە

11-05-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە منداڵێکی 9 ساڵان لە پارێزگاکە تووشی تای خوێنبەربوون بووە، بەڵام لە پشکنینەکان دەرکەوتووە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە نییە.
 
رۆژی یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، سامان یابە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا پێنج تووشبووی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک تۆمارکراون، چواریان گیانیان لەدەستداوە و یەکێکیشیان دوای وەرگرتنی چارەسەر، چاکبووەتەوە."
 
وەکو گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، "چەند رۆژێکە دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە منداڵێکی 9 ساڵان تووشی تای خوێنبەربوون بووە، بەڵام ئێمە پشکنینمان بۆکرد و ناردمان بۆ بەغدا، رۆژێک دوای ئەوە ئەنجامی پشکنینەکە گەڕایەوە و پاک بوو."
 
سامان یابە گوتی، "ئێستا هیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک نییە."
 
سامان یابە عەلی دەڵێت، "لیژنەکانمان بەردەوامن لە گەڕان لە سەربڕخانە و قەسابخانەکان، بەردەوامین لە بڵاوکردنەوەی رێنمایی و هۆشداری، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن".
 
دکتۆر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رۆژی چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 54 تووشبووی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمار کراون، 8یان گیانیان لەدەستداوە، بەو پێیەش، بەم تووشبووەی لە دهۆک گیانی لەدەستداوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەو نەخۆشییە بۆ 9 کەس بەرزبووەتەوە.
 
تای خوێنبەربوون بە چەند رێگەیەک دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی ببێت و لە هەندێک دۆخدا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "مردن لەنێو تووشبووان 10% بۆ 40%ـە."
 
ساڵی 2023، لە هەرێمی کوردستان 9 کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستدا، بەڵام پار هیچ کەسێک بەوهۆیەوە گیانی لەدەستنەدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە