رووداو - تەندروستی
لە سلێمانی پزیشکانی خولاو و پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو گردبوونەوە و دوو داواکاریی سەرەکییان هەیە، ''دامەزراندنی پزیشکانی گشتی و لابردنی سزاکانی سەر پزیشکانی ناڕازی''.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-6-2025 لە سلێمانی پزیشکانی خولاو و پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی گردبوونەوە و دوو داواکاریی سەرەکییان هەیە، ''دامەزراندن و لابردنی سزاکانی سەر پزیشکانی ناڕازی''.
دکتۆر دارۆ هادی، نوێنەری پزیشکانی خولاو بە رووداوی راگەیاند، تائێستا هیچ وەڵامدانەوەیەکی فەرمی بۆ دامەزراندنی پزیشکانی گشتی و پلەبەرزکردنەوەی پزیشکانی خولاو نییە.
دکتۆر رەوا قوربانی، نوێنەری پزیشکانی دانەمەزراو گوتی، ''نزیکەی شەش مانگە کاری جیدی دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان و داوادەکەین، سزاکانی سەر پزیشکانی خولاوی هەولێر لاببرێن و داوای دامەزراندنی پزیشکانی گشتیش دەکەین''.
کێشەی پزیشکانی خولاو چییە؟
هەر خوێندکارێکی پزیشکیی گشتی کە کۆلێژ تەواو دەکات، دوو ساڵ وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکات، پاشان دەبێتە پزیشكی پلەبەند و یەک ساڵ لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکات، پاشانیش نازناوەکەی دەگۆڕێت بۆ پزیشکی شارەزای گشتی و دواتریش پزیشکی پایەبڵدن. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە لەگەڵ هەر بەرزکردنەوەی ناونیشانێک شوێنەکەشیان بگۆڕدرێت و ئێستا لەبەر ئەوەی پزیشکانی دەرچووی 2024 دانەمەزراون، ئەوا پزیشکانی خولاو ناتوانن پلەیان بەرزبکرێتەوە، چونکە کەس نییە شوێنیان بگرێتەوە.
پزیشکی خولاو کێیە؟
پزیشکی خولاو ئەوانەن کە کۆلێژی پزیشکیی گشتی تەواو دەکەن و لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکەن، دوای ئەو دوو ساڵە دەبنە پزیشکی پلەبەند کە ماوەکەی یەک ساڵە و لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکەن، پاشانیش دەبنە پزیشکی شارەزای گشتی یاخود پسپۆڕییەکی دیاریکراو دەخوێنن و دەبنە پزیشکی پایەبڵند و دوای تەواو بوونی پڕۆسەی خوێندنەکەش، دەبنە پسپۆڕ.
بەڵام ئێستا پزیشکی خولاو ناتوانن ببنە پزیشکی پلەبەند، چونکە پزیشکی نوێ دانەمەزراون بۆ ئەوەی شوێنیان بگرنەوە.
چەند پزیشکی گشتی دانەمەزراون؟
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی رابردوو، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچیان دانەمەزراون.
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024 بەپێی زانکۆکان بەم شێوەیەیە؛
- زانکۆی هەولێری پزیشكی؛ 273 پزیشک
- زانکۆی سلێمانی؛ 288 پزیشک
- زانکۆی دهۆک؛ 102 پزیشک
- زانکۆی زاخۆ؛ 21 پزیشک
- زانکۆی کۆیە؛ 43 پزیشک
- زانکۆی گەرمیان؛ 15 پزیشک
- زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 36 پزیشک
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ