سەرۆکی تیمە ئیتاڵییە پزیشکییەکەی دهۆک: منداڵان بۆ چارەسەر دەبەینە ئیتاڵیا

11-06-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
دکتۆر لونا خالید - پڕۆفیسۆر د. ماتیۆ ریاڵی، سەرۆکی تیمە ئیتاڵییەکە کە پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی دڵە
دکتۆر لونا خالید - پڕۆفیسۆر د. ماتیۆ ریاڵی، سەرۆکی تیمە ئیتاڵییەکە کە پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی دڵە
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە دهۆک تیمێکی پزیشکیی ئیتاڵی بە پشتیوانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نەشتەرگەریی دڵ بۆ منداڵان دەکەن، سەرپەرشتیاری تیمەکە رایدەگەیێنێت، بڕیارە ئەو منداڵانەی نەشتەرگەریی قورسیی دڵیان پێویستە، بنێرینە ئیتاڵیا.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-6-2025 پڕۆفیسۆر د. ماتیۆ ریاڵی، سەرۆکی تیمە ئیتاڵییەکە کە پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی دڵە لە بووڵتەنی تەندروستیدا بە رووداوی راگەیاند، ئەو نەشتەرگەرییانەی دەکرێن ئاسایین و گرنگن کە بۆ باشترکردنی تەندروستیی منداڵەکە بکرێن.
 
لەماوەی هاتنی ئەو تیمە ئیتاڵییە بۆ دهۆک {لە 7 تاوەکو 12ـی ئەم مانگە} نەشتەرگەریی دڵ بۆ تەنیا 12 منداڵ دەکەن، زۆرینەشیان نەشتەرگەرییەکان سادە بوون و بۆ نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکان بڕیارە منداڵەکان ببەنە ئیتاڵیا.
 
تیمە ئیتاڵییەکە پێکهاتووە لە پزیشکانی پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵی منداڵان، پزیشکانی پسپۆڕی پشکنینی دڵی منداڵان، پزیشکانی بێهۆشکردن، پزیشکانی چاودێریی چڕ و پەرستاران، شانبەشانی ستافی پزیشکی ناوخۆیی سەنتەری ئازادی دڵ لە دهۆک.
 
ئەو تیمە ئیتاڵیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی هێڤی چوونەتە دهۆک، رێکخراوەکە دەڵێت: "لە رۆژانی 7 بو 12ی حوزەیرانی 2025 و بە هاوئاهەنگی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی لە پارێزگای دهۆک و سەنتەری ئازادی بۆ نەخۆشیەکانی دڵ، رێکخراوی هێڤی میوانداریی تیمێکی نەشتەرگەریی پسپۆڕیی ئیتاڵی لە نەخۆشخانەی سان دوناتو Donato San Policlinico S.C.C.R.I و رێکخراوی Bambini Association Mondo nel Cardiopatici دەکات. ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت لە رێگەی بونیاتنانی هاوبەشییەکی باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی رزگارکەر بۆ ئەو منداڵانەی پێویستییان پێیەتی."
 

بەگوێرەی رێکخراوی هیڤی، تیمەکە لە 13 ئەندام پێکهاتووە و تایبەتمەندە لە نەشتەرگەری دڵی منداڵان و بەرنامەی کارەکانیان بەم شێوەیە:
 
- ئەنجامدانی 10 بۆ 12 نەشتەرگەری بۆ منداڵانی تووشبووی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی دڵ.
 
- پشکنین بۆ زیاتر لە 200 نەخۆشی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخیان و ئامادەکردنیان بۆ وەرگرتنی هەموو جۆرە چارەسەرێک لە داهاتوودا.
 
- دەستنیشانکردنی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشییە سەختەکان بۆ چارەسەرکردنیان لە ئیتاڵیا.
 
- هەڵسەنگاندنی پێویست لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوون لەلایەن پزیشکی تایبەتمەندی پشکنینی دڵ و ئیکۆ کە هەڵدەستن بە پشکنینی کۆرپەلە لە سکی دایکیاندا.
 
- مەشق و راهێنانکردن بە کارمەندانی پزیشکیی نێوخۆیی بۆ بەرزکردنەوەی توانایان لە بواری نەشتەرگەری دڵی منداڵان.
 
-دەستنیشانکردنی ژمارەیەک کارمەند بە مەبەستی ناردنیان بۆ مەشق و راهێنان لە شاری میالنی والتی ئیتاڵیا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە