رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆران خانمێکی دووگیان دووچاری لێکەوتەیەکی مەترسیداری دووگیانییەکەی دەبێت و پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێت، بەهۆی نەشتەرگەرییەکانی رابردووی منداڵبوونییەوە تووشی بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 11-8-2025 د. جوان محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، خانمە دووگیانەکە 29 ساڵ بووە و وێڵاشی لە پێشەوە بووە، ئەوەش بووەتە هۆی خوێنبەربوون و لە هەفتەی 29 دووگیانییەکەی منداڵەکەی بۆ دەربهێندرێت.
د. جوان محەممەد روونی کردەوە، ''ئەو خانمە وێڵاشی بە شوێنی نەشتەرگەرییە کۆنەکەی و میزڵدانییەوە نووسابوو، کە یەکێکە لە لێکەوتە هەرە مەترسیدارەکانی نەشتەرگەریی منداڵبوون کە ژیانی کۆرپە و دایکەکە دەخاتە مەترسییەوە''.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە دکتۆر رێباز باڵەکی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکاری بە رووداوی راگەیاند، تەندروستیی دایک و کۆرپەکەی جێگیرە و ئێستا ئەو منداڵە لە بەشی چاودێریی چڕە و 30 هەفتەیە.
لە کۆتاییدا د. جوان ئەوەشی گوت، ئەو لێکەوتە مەترسیدارە وایکردووە منداڵەکەش ببێتە ناکام و بە گشتی تاوەکو هەفتەی 33 و 34ـی تەمەنی لەنێو شووشە بمێنێتەوە کە ئەوەش کاریگەریی لاوەکیی دیکەی لەسەر کۆرپەکە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ