توێژینەوەیەک کاریگەریی ستیان لەسەر شێرپەنجەی مەمک ئاشکرا دەکات

11-08-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی فراوانی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی دەریدەخات، هیچ پەیوەندییەکی پێچەوانە لەنێوان بەستنی ستیان و شێرپەنجەی مەمک نییە. پسپۆڕانیش هۆشداری دەدەن.
 
توێژینەوەکەی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی NIH لە ئەمریکا لەسەر هەزار و 500 خانمی تەمەن 55 بۆ 74 ساڵ کرا و دەرکەوت، زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە پەیوەندیی بە ماوەی لەبەرکردن، تووندیی بەستنی ستیان و جۆری ستیانەکەش نییە، چونکە هیچ گۆڕانکارییەک لە تەندروستیی مەمکی ئەو خانمانە رووی نەدابوو کە بۆ ماوەیەکی زۆریش ستیانیان بەستووە.
 
کۆمەڵەی شێرپەنجە لە کەنەدا رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی پزیشکی نییە بیسەلمێنێت، لەبەرکردنی ستیان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد بکات.
 
تەنانەت د. هۆمایۆن ساناتی، پسپۆڕی شێرپەنجە لە سەنتەری مەمکی میمۆریاڵ کێیری ئەمریکا دەڵێت: بەشێکی زۆری شێرپەنجەکان لەو بەشەی مەمکدا روودەدەن کە ستیانیان بەرنەکەوتووە، ئەمەش دەشێت بەڵگەیەک بێت بۆ ئەو بۆچوونە هەڵەی کە پەیوەندی بە شێرپەنجەوە هەیە.
 
بەگوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی ئەمریکی، مەرجەکانی لەبەرکردنی ستیان بە تەندروستی ئەمانەن؛

- قەبارەی ستیان گونجاو بێت، نە زۆر گەورە و نە زۆریش بچووک.
- جۆری ستیان بەپێی چالاکیی رۆژانە دیاری بکرێت، لەکاتی وەرزش پێویستە ستیانی وەرزشی لەبەر بکرێت.
- نابێت ستیان زۆر تووند بێت کە ئازار دروست بکات.
- ستیانی کەسێکی دیکە بەکارنەهێندرێت.
- لەکاتی خەوتن باشترە ستیان لاببرێت.
- ستیان لۆکەیی بێت بۆ ئەوەی ئارەقکردنەوە کەم ببێتەوە.
 
خانمان شەوان ستیان ببەستن و ستیانیان تەسک بێت تووشی چ مەترسییەک دەبنەوە؟ لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراسدا وەڵام دەدرێتەوە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە