رووداو - تەندروستی
بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران رایدەگەیێنێت، نابێت هیچ دەرمانخانەیەک کاری یاریدەدەری پزیشکی تێدا بکرێت و بە پێچەوانەوە سزای تووند دەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-2-2026 زیاد حەسەن، بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران بە رووداوی راگەیاند، پشکنینەکانیان بەردەوام و چڕ کردووەتەوە بۆ گەڕان بەدوای دەرمانی بێ ستیکەر و ماوەبەسەرچوو بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی سۆران و چۆمان.
زیاد حەسەن دەڵێت: 99٪ـی دەرمانخانە پشکنراوەکان پابەندن بە رێنوێنییەکانمان و نابێت هیچ دەرمانخانەیەکیش کاری یاریدەدەری پزیشکی تێدا بکرێت وەکو (دانانی کانیولا، دەرزیلێدان، برینپێچی).
پابەندنەبوونی دەرمانخانەکان بە نرخی سەر ستیکەری دەرمان کێشەی بۆ خاوەن دەرمانخانەکان دروستکردووە و زیاد حەسەن گوتی، ''پێشنیاز دەکەم حکومەت دەرمان بداتە کۆگەیەکی نیشتمانی و هەموو دەرمانخانەکان لە یەک شوێن دەرمان بکڕن، تاوەکو نرخی فرۆشتنیان هاوتا بێت و یاری بە نرخ نەکرێت''.
ئەم قسەیەی دوای ئەوەیە کە ئێستا بەشێک لە دەرمانخانەکان بە ناوی ''زنجیرە'' دەرمان بە کەمتر لە نرخی ستیکەر دەفرۆشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ