رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر رایدەگەیێنێت، ئەمساڵ بەهۆی نالەباریی باری دارایی و ترس لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، پێشبینی دەکەن کە رێژەی قوربانیکردن بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمتر بێت و دەڵێت: پێشوەختە هاوئاهەنگی لەگەڵ کوشتارگە دا بکرێت، تاوەکو بە زووترین کات ئاژەڵەکەیان بۆ سەرببڕدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی حوزەیرانی 2024 دکتۆر هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر تایبەت بە رووداو گوتی، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەی قوربانیکردن کەمتر دەبێت.
بە گوتەی دکتۆر هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر سێ هۆکاری سەرەکی هەن بۆ ئەوەی ئەمساڵ ژمارەی قوربانیکردن کەمبێت، یەکەم؛ گرانیی نرخی گۆشت، بەجۆرێک ئێستا نرخەکەی 20٪ زیاترە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، دووەم؛ ناجێگریی بارودۆخی دارایی، سێیەم؛ مەترسیی بڵاوبوونەوە و تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.
دکتۆر هەڵمەت هەمزە ئاماژە بەوەدەکات، هەر کەسێک ئاژەڵ بهێنێتە کوشتارگەکان و بەتایبەتیش کوشتارگەی هەولێر ئەوا دەستبەجێ پشکنینی پێش سەربڕین بۆ ئاژەڵەکە دەکەن، تاوەکو لە ئەگەری بوونی هەر گەنەیەک دڵنیاببنەوە، پاش سەربڕینیش پشکنین بۆ گۆشتەکە دەکەن.
هاوکات لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەش باسدەکات کە هەر گۆشتێک پێش بەکارهێنان، بۆ ماوەیەک لەنێو بەفرگر یاخود ساردکەرەوەدا دابندرێت.
بەڕێوەبەری کوشتارگەری هەولێر ئەوەشی گوت، بۆ ئاژەڵی گەورە کەمتر لە کاژێرێک پێویستە تاوەکو لەنێو کوشتارگە سەری ببڕن و بۆ ئاژەڵی بچووکیش تەنیا 20 خولەکی پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ