رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری خۆپاراستن لە تەندروستیی راپەڕین رایدەگەیێنێت، رێژەی دیاریکراو دژەژەهری مار و دووپشت هەن، بەڵام ئەگەر ژمارەی پێوەدراوان بەرز ببێتەوە، ئەوا تووشی کەمی دەبن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-6-2025 د. دابان محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە بە رووداوی راگەیاند، بڕی پێویست دژەژەهری مار و دووپشک هەن، بەڵام ژمارەکە سنووردارە و ئەگەر رێژەی پێوەدان زیاد بێت ئەوا هاونیشتمانییان ناچارن لە دەرمانخانەکانەکانی دەرەوە بیکڕن.
د. دابان گوتی، نرخی هەر دەرزییەکی دژەژەهری مار و دووپشک 30 بۆ 40 هەزار دینارە و کەسی پێوەدراو لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ژەهرەکە رزگار دەکات.
ناجیە حامد، بەڕێوەبەری خۆپاراستن لە تەندروستیی راپەڕین دەڵێت: لە سلێمانییەوە دژەژەهر و ڤاکسینی دژەهاریی سەگمان بۆ دابین دەکرێت و ئێستا ژمارەکانیان بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمترە.
بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی راپەڕین، 145 پێوەدراوی مار و دووپشک تۆمار کراون لەو ژمارەیەش 22 کەس مار و 123 کەسیش دووپشت پێوەیان داون، هەروەها 121 کەسیش سەگ گەستوونی.
بەگوێرەی مایۆکلینیک، لەکاتی پێوەدانی مار ئەم هەنگاوانە دەبێت بگیرێنە بەر؛
- پەیوەندی بە ژمارەی فریاگوزاری بکە
- لە شوێنی پێوەدانی مار دووربکەوە
- هەر جۆرێکی خشڵ، کاتژمێر یاخود جلی تەسک دابکەنە پێش ئەوەی ئاوسان دەستپێبکات
- شوێنی گازگرتنەکە بە ئاو و سابوون پاک بکەوە
- بە پەڕۆیەکی پاک و وشک شوێنی گازگرتنەکە بە شێوەیەکی شل بپێچەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ