رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە هەولێر ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی 2025ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند زیاتر لە 433 هەزار سەردانیکەرمان هەبووە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش دەڵێتداوایان کردووە حکومەتی عێراق پێداویستیی پزیشکییان بۆ دابین بکات.
سەبارەت بە زۆریی ژمارەی نەخۆشە عەرەبەکان، د. نورجیهان عەلی گوتی، "دەرگای نەخۆشخانەکەمان بەڕووی هەموو نەتەوەکاندا کراوەیە، بەڵام داوامان پێشکێش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە داوا لە حکومەتی عێراق بکات دەرمان و پێداویستیی پزیشکیمان بۆ دابین بکات."
د. نورجیهان عەلی ئاماژەی بە کێشەی کرێکارە بیانییەکان کرد و گوتی، "ئەو بیانیانەی لێرە کار دەکەن و پێویستیان بە نەشتەرگەری یان دەرمان دەبێت، خاوەنکارەکانیان لێیان ناپرسنەوە. بۆ ئەم مەبەستە نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کردووە و پێویستە خاوەنکارەکان ئاگاداری تەندروستیی کرێکارە بیانییەکانیان بن."
دەربارەی پڕۆژەکانیان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری رایگەیاند، "لە نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە بەردەوامین و بەم نزیکانە بەشێکی نوێی شووشتنی گورچیلە بە قەبارەی 90 قەرەوێڵە دەکەینەوە."
د. نورجیهان عەلی هیوای خواست لە ساڵی 2026ـدا بتوانن ئامێر و پێداویستیی پزیشکیی سەردەمیانە بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکەن، بۆ ئەوەی نەخۆش پێویستی بە نەخۆشخانە تایبەتەکان نەمێنێت و نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری ببێتە یەکێک لە نەخۆشخانە هەرە پێشکەوتووەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ