پڕۆفیسۆرێکی ئەڵمانی: توانای پزیشکانی هەرێمی کوردستان زۆر باشە و بە ستانداردی جیهانی کار دەکەن

دوێنێ کاژێر 04:26
شکار رێبوار
شکار رێبوار
دکتۆر لونا خالید - پڕۆفیسۆر د. هاینەر وۆڵتێرینگ
دکتۆر لونا خالید - پڕۆفیسۆر د. هاینەر وۆڵتێرینگ
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پزیشکێکی پڕۆفیسۆری ئەڵمانیی نەخۆشییەکان و نەشتەرگەریی ئێسک و شکان لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان رێگەیەکی نوێ پێشنیاز دەکەن تاوەکو ببێتە چارەسەر بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکانی ئێسک و شکان. تەنانەت دەڵێ، ''دەمانەوێت تێچووی چارەسەریش کەم بکەینەوە''.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 13-1-2025 پڕۆفیسۆر د. هاینەر وۆڵتێرینگ، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان و سەرۆکی بەشی ئێسک و شکان لە نەخۆشخانەی گشتیی ڤاخندۆف میوانی بووڵتەنی تەندروستی بوو و گوتی، دەمانەوێت بەو رێگە نوێیە، نەک تەنیا نیشانەکان بەڵکو هۆکاری نەخۆشییەکانیش چارەسەر بکەین و وزە و توانا بەو کەسانە بدەینەوە کە پەکیان کەوتووە.
 
د. هاینەر وۆڵتێرینگ، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان دەڵێت: پزیشکانی هەرێمی کوردستان زۆر باشن، من زۆر لە هاوکارانم لە هەرێمی کورستان دەناسم کە بە ستانداردی نێودەوڵەتی کار دەکەن.
 
دەقی وەڵامەکانی د. هاینەر وۆڵتێرینگ بۆ رووداو ئەمانە بوون؛
 
رووداو: پڕۆفیسۆر زۆر بەخێربێین بح هەرێمی کوردستان، هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو پڕۆژەیەکی چارەسەری بۆ نەخۆشانی ئێسک و شکان جێبەجێ بکەن، ئەم پڕۆژەیە چییە و چۆن نەخۆشی هەرێمی کورستان سوودتان لێدەبینێت؟
 
پڕۆفیسۆر د. هاینەر وۆڵتێرینگ: ئێمە پڕۆژەیەکمان هەیە بە ناوی ئەڵاینۆڤا (AlignNOVA)، کە بیرۆکەیەکی نوێی پزیشکییە کە جەخت لەوە دەکاتەوە، چارەسەر نابێت تەنیا نیشانەکان بن، بەڵکو هۆکارەکان دەبێت چارەسەر ببن، فەلسەفەی ئێمە ئەوەیە کە چاودێریی تەندروستی و چارەسەر دابینبکەین. هەروەها لە بواری ئەکادیمیش کار بکەین بۆ توێژینەوە و خوێندنی نەخۆشییەکان پاشانیش هۆکاری نەخۆشییەکان بدۆزینەوە. ئەمە یەکێکە لە دەستپێشخەریکییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ تێکەڵکردنی بوارەکانی پزیشکی.
 
رووداو: پڕۆفیسۆر دوور و نزیک پەیوەندیتان لەگەڵ پزیشکانی هەرێمی کوردستان هەیە، ئایا کواڵیتیی چارەسەرییەکان و کارەکانی پزیشکانی هەرێمی کوردستان لەبواری نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی ئێسک و شکان (ئۆرتۆپێدیک) چۆن دەبینن؟
 
پڕۆفیسۆر د. هاینەر وۆڵتێرینگ: پێم وایە پزیشکانی هەرێمی کوردستان زۆر باشن، من زۆر لە هاوکارانم دەناسم کە بە ستانداردی نێودەوڵەتی کار دەکەن، بەڵام پڕۆژەکەی ئێمە هەندێک زانیاری و زانینی زیاتر فەراهم دەکات بۆ ئەوەی بە تەواوی لە پیشەی پزیشکی تێبگەین، چونکە ئەمە پەیوەست نییە بە بوارێکەوە وەکو نەشتەرگەری. ئێمە دەزانین کە نەخۆشەکان کێشەی جیهانی و گشتگیریان هەیە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین.
 
رووداو: لە پڕۆژەکەتان باسی دووبارە دروستکردنەوەی خانە و شانەکانی ئێسک و شکان دەکەن، ئەمە چۆنە و ئایا دەکرێت چارەسەری چ نەخۆشییەکی پێبکەن، ئایا چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو داخوورانی جومگەی پێدەکرێت؟
 
پڕۆفیسۆر د. هاینەر وۆڵتێرینگ: سەرەتا پێویستە پشکنین بکەیت، پاشان نەخۆشییەکە دیاری دەکەین، ئەگەر شکاویت هەبێت یاخود داخوورانت هەبێت، پێویستە بە شێوەیەکی باش چارەسەر بکرێت، نەک بە ئازارشکێن. بۆیە ئێمە بیر لە وزەی خانەکان دەکەینەوە کە دووبارە دروستببنەوە و ببنەوە هەمان ئەو دۆخەی کە پێش زیانبەرکەوتنەکە هەیانبووە. دووبارە دروستکردنەوەی خانە و شانەکانی ئێسک و شکان بەتایبەت دەتواندرێت بۆ چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەکاربێت. بۆیە ئێمە دەمانەوێت بەم چارەسەرییە دەستپێبکەین و بۆ خەڵکی بکەین.
 
رووداو: دەمەوێت باسی ئەڵمانیا بکەم، ئێستا خەڵکانی ئەڵمانیا گیرۆدەی چ نەخۆشییەکانی ئێسک و شکان و جومگە؟ دەگوترێت ئەوێ یەکێکە لە وڵاتە پێشەنگەکان بۆ زۆریی رێژەی قەڵەوی.
 
پڕۆفیسۆر د. هاینەر وۆڵتێرینگ: لە ئەڵمانیا بەزۆری شکانی ئێسک بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە زۆرە، بەڵام کاتێک کەسێک پووکانەوەی ئێسکی هەبێت، هەندێک لە نەخۆشەکان هەست بە ئازار دەکەن لە بەشی خوارەوەی بڕبڕەی پشتیان، ئەمەش هەندێکجار بەهۆی شکانی بڕبڕەی پشت یاخود بەهۆی درزبردنیەتی. ئێمە چارەسەری تایبەت بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی ئەو شکانە ساڕێژ ببێتەوە، بەتایبەت ڤیتامین Dـیان پێدەدەین. لە 10 ساڵی رابردوودا لە ئەڵمانیا ئەو جۆرە شکانە کەمبووەتەوە و چارەسەریشی باشتر بووە.
 
رووداو: بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆ، بۆ کێشەکانی ئێسک و شکان، چ کێشەیەکی هاوبەش لەنێوان خەڵکی کوردستان و ئەڵمانیاندا هەیە کە زۆرە لەنێو خەڵکدا؟
 
پڕۆفیسۆر د. هاینەر وۆڵتێرینگ: پێم وایە هۆکاری شکانەکان هەمان شت و چارەسەریش هەمان شتن، بەڵام دوای چارەسەر و چاکبوونەوە گرنگە کە دوای نەشتەرگەریی شکانی ئێسک، چارەسەری دوای نەشتەرگەری هێندەی نەشتەرگەرییەکە گرنگە، بیرۆکەی ئێمەش ئەوەیە کە وزە و توانای چاکبوونەوە زیاتر و بەهێزبکەین بۆ ئەوەی دوای نەشتەرگەری ئەو شانە و خانەی ئێسکە بە باشی چاک ببێتەوە. تاوەکو بە خێرایی نەخۆشییەکە چاک ببێتەوە. دەرمان و چارەسەر لە ئەڵمانیا و لە هەرێمی کوردستانیش تاوەکو دێت گرانتر دەبێت، بەڵام ئەگەر ئێمە تێچووی ئەو شتانە کەم بکەینەوە، کارێکی زۆر باش دەبێت.
 
رووداو: با باسی کاریگەریی تەکنەلۆژیا بکەم لەسەر ئێسک و شکان، نەخۆشت هەبووە کە بەهۆی خراپبەکارهێنان یاخود بەهۆی زۆربەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە تووشی کێشەیەکی درێژخایەنی ئێسک و بڕبڕەکانی پشتی بووبێت؟ دەکرێت بۆم باس بکەیت؟
 
پڕۆفیسۆر د. هاینەر وۆڵتێرینگ: بەڵێ بە بڕوای من رۆژانە کەیسی لەو شێوەیە دەبینین، ئێمە لە ئەڵمانیا هەندێک دکتۆر (پزیشک)ـمان هەن کە هیچ پسوولەیەکی پارەدان بۆ نەخۆشەکە نادەن، بە بڕوای من باشە و خراپیشە، بەڵام خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە پزیشک لەڕووی دەروونییەوە هاوسۆزی بە نەخۆشیش بدات، نەک ئەوەی کە دەرمانی بۆ بنووسێت و چارەسەریشی بکات.
 
رووداو: لە کۆتاییدا ئێستا خەڵکانێکی زۆر گرێت بۆ دەگرن بەتایبەت کوردەکان، گەنجانمان بۆ ئەوەی لەکاتی بەساڵاچووندا ئێسکێکی پتەویان هەبێت، چی بکەین و رێنوێنیی تۆ چییە؟
 
پڕۆفیسۆر د. هاینەر وۆڵتێرینگ: من دەڵێم، راهێنان بکەن، راهێنان بکەن، راهێنان بکەن، هەروەها خۆراکێکی باشتان هەبێت و زۆر کاربۆهیدراتی تێدا نەبێت، زۆر نان مەخۆن، ناڵێم بەبێ نان بژین، بەڵام با زۆر نەبێت، زیاتر پڕۆتین وەربگرن و گرنگیش بە ڤیتامینەکان بدەن، هەروەها بایەخ بە ترشە ئەمینییەکان بدەن. ئەمە 50٪ـی سەرکەوتنە بۆ ژیانی تەندروست بەڵام 50٪ـەکەی دیکە بریتییە لە راهێنانی وەرزشی، مەبەستم وەرزشە بەهێزەکان نییە، بەڵکو وەرزشی پیاسەکردن، بەپێ رۆیشتن و راهێنانە لەسەر ماسوولکەکان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە