رووداو - تەندروستی
گەنجێک لە يەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنووری راپەرین نەشتەرگەرییەکی کتوپڕی بۆ دەکرێت و پزیشکی سەرپەرشتیارەکەی دەڵێت: سەردانی هەندێک شوێنی کردووە و پێیان گوتووە، ''تووشی پەتا بووە''، بەڵام لە راستیدا فتقی هەبووە و ئازارێکی زۆری بۆ دروست بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13-7-2025 د. حوسێن عەلی کەسنەزانی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی بە رووداوی راگەیاند، ئەو گەنجە فتقی بن رانی هەبووە و نەیزانیوە، وایلێهاتووە کە ببێتە هۆی گیرانی ریخۆڵەی و لەتاو سکئێشەی تووند سەردانی نەخۆشخانەی کردووە.
د. حوسێن عەلی گوتی، گەنجەکە پێشوەختە سەردانی هەندێک نۆرینگەی پزیشکیی لاکۆڵانی کردووە و و پێیان گوتووە، ''تەنیا تووشی پەتا بووە و چاک دەبێتەوە''، بەڵام هەر دۆخەکەی خۆی پشتگوێ خستووە تا ئەو کاتەی ئازارێکی تووندی فتقەکەی بۆ دروست دەبێت و بەهۆی درەنگکەوتن لە سەردانی نەخۆشخانە و پزیشکی پسپۆڕ، دووچاری مەترسیی رەشبوونەوەی ریخۆڵە دەبێت''.
رێنوێنیی کۆتایی
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەکات، هەر کەسێک فتقی هەبوو دەبێت زوو چارەسەری بکات و لە ئەگەری بوونی سکئێشەکی تووند و بەردەوامیش پێویستە پزیشکی پسپۆڕە ببیندرێت، پاشانیش گەنجان شەرم نەکەن لە چوونیان بۆ لای پزیشک ، چونکە دوور نییە ببێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ