رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری کارگێڕیی رێکخراوێکی تەندروستی لە ژنێڤی سویسرا لەنێو لووتکەی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی جیهان و دەڵێت: دوورکەوتنەوە لە (کحول، جگەرەکێشان، خۆراکە خێراکان و شەکر) تەمەن درێژ دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 13-10-2025 کاتی دەین، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی NCD Allianceـی سویسری لە دووەم رۆژی لووتکەی تەندروستیی جیهاندا رایگەیاند، بۆ ئەوەی مرۆڤ تەمەنێکی درێژتری هەبێت و ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییەکان کە مەترسی بخەنە سەر ژیانی کەم ببێتەوە دەبێت ئەمانە بکرێن؛
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان.
- دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کحولییەکان.
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێرا و ئامادەکراوەکان.
- کەمکردنەوە و نەخواردنی شەکر و شیرینییەکان.
هەر لەنێو لووتکەکە بێرند مۆنتاگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Siemens Healthineersـی ئەڵمانی گوتی، بۆ رێگەگرتن لە مردنی پێشوەختەی خەڵک، دەبێت پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییەکان پێشبخەین، ئەمەش بە تەکنەلۆژیا دەکرێت.
هاوکات رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەمیشە جەخت لە شێوازی ژیانی تەندروست بۆ تاکەکان دەکاتەوە بە تایبەت جەختیش لە گەنجان دەکاتەوە بۆ ئەوەی لەکاتی بەساڵداچووندا تەندروست بن.
بە پێی WHO ئامانەی خوارەوە شێوازی ژیانی تەندروستن؛
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ