نەخۆشخانەی منداڵانی رانیە: رۆژانە نزیکەی 50 تووشبووی پەتاکان تۆمار دەکەین

13-11-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان بە وەکالەت لە رانیە رایدەگەیێنێت، رۆژانە نزیکەی 50 منداڵی تووشبووی پەتاکان سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەکەن و بەشێکیشیان چەند کاژێرێک دەخەوێندرێن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-11-2025 محەممەد سابیر، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون بە وەکالەت لە رانیە بە رووداوی راگەیاند، رۆژانە 40 بۆ 50 منداڵ بەهۆی تووشبوونیان بە پەتای وەرزییەوە دەهێندرێنە نەخۆشخانەکە و بەشێکیشیان ماوەی چەند رۆژێک دەخەوێندرێن.
 
محەممەد سابیر دەڵێت: پێداویستی و تەختی نەخۆشەکان بۆ ئەم رێژەیەی ئێستای منداڵانی نەخۆش هەن، بەڵام ئەگەر رێژەکە لەوە زیاتر بێت ئەوا نەخۆشخانەکە توانای نابێت کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات.
 
لەبارەی هۆکارەکانی تووشبوونیش گوتی،  پەتاکان ڤایرۆسین و ئەو منداڵانە زیاتر دەخەوێندرێن کە ئەگەری تووشبوونیان بە گەشکە زۆرە چونکە نیشانەکانیان بە تووندی گرتووە.
 
بەم رێگەیانە خۆت لە ئەنفلەوەنزای وەرزی بپارێزە
 
1- شووشتنی دەستەکان بەمەرجێک زیاتر بێت لە 20 چرکە.
2- بەکارهێنانی مادەی پاکژکەرەوە بۆ سەر مێز و کەلوپەلەکانی دەوروبەرت.
3- بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدە بەتایبەت مزرەمەنییەکان.
4- رۆژانە ئاوی پێویست بخۆرەوە.
5- نزیک مەکەورەوە لە کەسی تووشبوو.
6- کەسانی تووشبوو لەکاتی کۆکە و پژمە کلێنکس بەکاربهێنن.
7- دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ.
8- هەواگۆڕکێ لەنێو ماڵدا هەبێت.
9- کوتان بە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی.
10-  دەرزیی تێکەڵە بەکارمەهێنە، چونکە بەرگریی جەستە لاواز دەکات.
11- بە ئاوی شلەتێن یاخود سارد خۆتبشۆ، چونکە بەرگریی جەستە بەهێز دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە