چیرۆکی منداڵێکی بەریتانی؛ بەهۆی ئەنفلەوەنزاوە لەژێر چاودێریی چڕدایە و بێهۆشە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

کچێکی چوار ساڵانی بەریتانی دوای ئەوەی تووشی هەندێک نیشانەی سەرەتایی ئەنفلەوەنزا دەبێت، دایبابی پشتگوێ دەخەن و وادەزانن نەخۆشییەکی سووکە، لەناکاو کچەکەیان لەهۆشخۆی دەچێت، پاشانیش دەخرێتە ژێر چاودێریی چڕ.
 
سێینا دانیۆنی چوار ساڵان دوای ئەوەی تووشی ئەفلەوەنزا دەبێت، لە چاودێریی چڕ دەخەوێندرێت و ئێستا ژیانی لە مەترسیدایە. ئەو منداڵە مانگی رابردوو ئەم دۆخەی بەسەردا هاتووە و دایک و باوکی دەڵێن، سەرەتا سێینا تایەکی کەمی هەبووە و بە پەتایەکی ئاسایی وەریان گرتووە، بەڵام لەناکاو ئەو بێهۆش بووە و بردوویانەتە نەخۆشخانە.
 
گاری دانیۆن، باوکی سێینایە و دەڵێ، لە نەخۆشخانە پشکنینی مێشكیان بۆ کرد و دەرکەوت، هەوکردنی تووندی مێشکی هەیە (ANE) و بەشێک لە خانەکانی مێشکی لەنێوچوون. بەگوێرەی مایۆکلینیک، ئەو جۆرە کێشەیە هۆکاری زۆرە و یەکێک لەوانەش هەوکردنە بەهۆی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانەوە. 
 
''ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرنەگرتووە''
 
باوکی ئاشکرای دەکات، کچە چوار ساڵانەکەی هەرگیز ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرنەگرتووە، بۆیە کە تووشی نەخۆشییەکە بووە، لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر دروستکردووە.
 
ئەنجلینای دایکی دەیگێڕێتەوە کە کچەکەی تەنیا بێهێزی، شەکەتی و تایەکی مامناوەندی هەبووە، بەڵام سەرەڕای نیشانەکانی یاریکردووە و خۆی ماندوو کردووە، کە خەوتووە، ئیدی بێهۆش بووە. تا وایلێهات نێردرا بۆ یەکەی چاودێریی چڕ و ئێستاش لەوێ ماوەتەوە.
 
''پێشبینیدەکرێت سێ بۆ شەش مانگ بە بێهۆشی بمێنێتەوە''
 
پزیشکان دەڵێن، تائێستا دوو نەشتەرگەرییان بۆ سێینا دانیۆنی چوار ساڵان کردووە و پلازمایان پێداوە، پاشانیش ئاوی نێو سییەکانیان دەرهێناوە کە لەنێوی کۆبووبووەوە، بەڵام هێشتا ئەو لە کۆما (بێهۆشی)دایە و پێشبینی دەکەن، سێ بۆ شەش مانگ ئاوا بمێنێتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە