لە کەلار بەشی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک کرایەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان، بەشی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمکی بە ئامێری پێشکەوتووی مامۆگرافی لە شاری کەلار کردەوە و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیانیش دەڵێت، ئامارەکانی شێرپەنجەی مەمک لە سنوورەکە لە هەڵکشاندایە.
 
د. محەممەد ئازاد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئاماری گرێی مەمک و شێرپەنجەی مەمک لەنێو خانمانی گەرمیان بەشێوەیەکی گشتی لە هەڵکشاندایە، بۆیە کردنەوەی ئەم بەشە پێویستییەکی زۆر بوو."
 
پێشتر لە شارۆچکەی کفری ئامێرێکی پشکنینی مەمک هەبووە، بەڵام وەک د. محەممەد ئازاد دەڵێت، "ئامێرەکە پێشکەوتوو نەبوو و گرفتی هەبوو، بەڵام ئێستا ئامێرێکی پێشکەوتوومان بە بڕی 160 ملیۆن دینار بۆ کەلار کڕیوە کە بە فیلتەری چەند پزیشکێکدا تێپەڕیوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات سەردانی بەشەکە بکەن و پشکنین ئەنجام بدەن، چونکە پێشتر لە گەرمیان بەشی پشکنینی پێشوەختە نەبووە و هاونیشتمانییان دەتوانن لێرە زیاتر گرنگی بە تەندروستیی خۆیان بدەن.
 
 د. محەممەد ئازاد سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و گوتی، "رووداو هەمیشە بەدواداچوونی لەسەر کێشە تەندروستییەکان کردووە و دەستخۆشیتان لێدەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە