رووداو - تەندروستی
لەنێو لووتکەی حکومەتەکانی جیهان لە دووبەی بە ئامادەبوونی حاکمی دووبەی و کۆمەڵێک لە وەزیر و جێگری وەزیرەکانی دووبەی، خەڵاتی باشترین وەزیری ساڵ بەخشرایە وەزیری تەندروستیی گشتیی قەتەر.
د. حەنان محەممەد ئەلکواری، وەزیری تەندروستیی گشتیی قەتەر لەنێو لووتکەی حکومەتەکانی جیهان لە دووبەی خەڵاتەکەی پێبەخشرا، هاوکات خەڵاتەکە لەسەر چەند پێوەرێک دەبەخشرێت و یەکێک لە پێوەرەکان دابینکردنی تەندروستیی گشتییە بۆ هاووڵاتییان و کردنەوەی نووسینگەیەکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییە لە قەتەر تاوەکو پاڵپشتی و ئامانجە تەندروستییە جیهانییەکان بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە دابینبکرێن.
یەکێک لەو دەستپێشخەرییانەی کە وەزارەتی تەندروستیی گشتیی قەتەر جەختی لێدەکاتەوە، هاندانی هاووڵاتییانیانە بۆ زیادبوونی چالاکیی جەستەیی و باشترکردنی کوالێتیی ژیانیان بەتایبەت بۆ چینی منداڵ و مێردمنداڵان.
لە ژێر ناونیشانی گرنگیدان بە حکومڕانیی باشی تەندروستی، قەتەر لە ساڵی 2022 بووە یەکەم وڵات کە کارەکانی بە پێشەنگ لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە ناسێنراون، رێکخراوەکەش رایگەیاند، ''قەتەر پابەندبووە بە پێشخستنی تەندروستی و کوالێتیی ژیانی هاووڵاتییانی تاوەکو شێوازی ژیانی تەندروستیان هەبێت''.
خەڵاتکردنی باشترین وەزیر لە جیهاندا لە ساڵی 2016ـەوە دەستیپێکرد و لەلایەن دامەزراوەی لووتکەی حکومەتی جیهانی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای پرایس واتەرهاوس کوپەرز رێکدەخرێت، ئامانجیەتی دەستکەوت و سوپاسگوزاری بۆ ئەو وەزیرانە پێشانبدات کە نوێنەرایەتیی باشترین مۆدێلی پێشەنگی حکومەتی جیهانی دەکەن لە پەرەپێدانی سیستم و جێبەجێکردنی چارەسەری داهێنەرانە بۆ ئاستەنگە جیهانییەکان، هەروەها پشتگیریکردن لە بنیاتنانی کۆمەڵگە و دەستپێشخەری لە کاریگەریی ئەرێنیی تاکەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە کۆتا رۆژی لووتکەکەیە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بووە و زیاتر لە 25 سەرکردەی حکومەت و سەرکردەی وڵاتان، 120 شاندی حکومی و 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بەشداری تێدا دەکەن گفتوگۆ دەربارەی "داهاتووی کاری هاوبەش، گۆڕانی کەشوهەوا، دارایی، دۆزینەوەی زانستی، ژیری دەستکرد و تەکنەلۆژیا" دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ