رووداو - تەندروستی
دەرمانسازێک چەند رێنمایی و زانیارییەکی گرنگی لەبارەی شێوازی دروستی بەکارهێنانی دەرمانە دژەبەکتریاییەکان (ئەنتی بایۆتیک) خستەڕوو، کە زۆرجار بە هەڵە بەکاردەهێنرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە 14-4-2026 دکتۆر محەممەد قەساب، پسپۆڕی دەرمانساز لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "بۆ هەموو پەتایەک ناتوانرێت دژەبەکتریا بەکاربهێنرێت، چونکە زۆربەی پەتاکان هۆکاری سەرەکییان ڤایرۆسە و دژەبەکتریاییەکان تەنیا لەسەر بەکتریا کاردەکەن و هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ڤایرۆس نییە."
ئەو دەرمانسازە جەختی لەوە کردەوە تەنانەت ئەگەر هەست بە باشتربوونیش بکەیت، نابێت دەستبەجێ دەرمانەکە بوەستێنیت. وتی، "دوای چاکبوونەوە نابێت یەکسەر ژەمی دژەبەکتریا بوەستێنرێت، بۆیە پێویستە نەخۆش ژەمی دژەبەکتریاییەکەی تەواو بکات تاوەکو کۆتایی."
د. محەممەد قەساب ئاماژەی بەوەدا، "لەنێو شیر و ماستدا کالسیۆم هەیە، کە ئەمەش وادەکات کاریگەریی لەسەر هەڵمژینی دەرمانی دژەبەکتریا هەبێت، بۆیە باشتر وایە دوای دوو کاژێر لە خواردنی ماست یان خواردنەوەی شیر، دژەبەکتریا بەکاربهێنرێت."
یەکێک لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی دژەبەکتریا سکچوونە. د. محەممەد قەساب هۆکارەکەی روونکردەوە و وتی، "دژەبەکتریا دەبنە هۆی سکچوون، چونکە تەنیا بەکتریا خراپەکان ناکوژن، بەڵکو بەکتریا سوودبەخشەکانی نێو ریخۆڵەش لەناودەبەن."
دەربارەی ئەو شروبانەی کە لە شێوەی تۆزدان و دواتر شل دەکرێنەوە، د. محەممەد قەساب رایگەیاند، "ئەو شروبە تۆزانە ماوەی 7 بۆ 14 رۆژ بەکاردێن، بەڵام باشتر وایە دوای 10 رۆژ بەکارنەهێنرێن، هەروەها پێویستە لەنێو ساردکەرەوە (سەلاجە)دا هەڵبگیرێن''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ