لە کەنەدا گەنجێکی نابینا ددانی لە چاویدا دەچێنرێت و بینایی بۆ دەگەڕێتەوە

14-09-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

دوای 20 ساڵ لە نابینایی، گەنجێکی کەنەدی چارەسەر دەکرێت و بینایی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەو دەڵێت، ''کاتێک خۆم و دکتۆرەکەم چاومان بەیەکدی کەوت، هەردووکمان گریاین''.
 
برێنت چاپمان، تەمەنی 34 ساڵە و دانیشتووی کەنەدایە، زیاتر لە 20 ساڵە بینایی لەدەستداوە. ئەمەش دوای ئەوە بووە کە تووشی هەستیارییەکی زۆر تووند بە دەرمان دەبێت و هەردوو گلێنەی لەدەستدەدات.
 
برێنت لە تەمەنی 13 ساڵییەوە نابینایە، باوکی دەڵێت، زیاتر لە 50 جار هەوڵیان داوە بۆ چاکبوونەوەی کوڕەکەی، بەڵام بێسوود بووە.
 
د. گرێگ مۆلۆنی، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو لە ڤانکوڤەری کەنەدا سەرپەرشتیی دۆخی ئەو کوڕەی کردووە و گەیشتوون بەو ئەنجامەی، جۆرە نەشتەرگەرییەکی بۆ بکەن بە ناوی Tooth-in-eye.
 
برێنت چاپمان دەڵێت: ئێستا هەست بە ئاسوودەیی و دڵخۆشی دەکەم کە بیناییم بۆ گەڕاوەتەوە. باسی ئەو چرکەیەش دەکات کە بیناییەکەی بۆ گەڕاوەتەوە و دەڵێت، کاتێک من و دکتۆر مۆڵۆنی چاومان بەیەکدی کەوت، هەردووکمان گریاین.
 
نەشتەرگەریی Tooth-in-eye چییە؟
 
بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکان، تەکنیکی Osteo-odonto-keratoprosthesis کە ناسراوە بە Tooth-in-eye واتا 'ددان لەنێو چاودا'' لە ساڵی 1960ـەکانەوە دۆزراوەتەوە و تاوەکو ئێستا هەزاران کەس لە جیهاندا کردوویانە؛ ددانی کەسەکە هەڵدەکێشرێت و کونێکی تێدەکرێت، پاشان بەشێکی ددانەکە لەگەڵ هاوێنەی دەستکرددا دەچێندرێتە جەستەی کەسەکە، بۆ ئەوەی بەیەکەوە بنووسێن، ئیدی ئەو پارچەیە دەردەهێندرێتەوە و دەچێندرێتە نێو چاوی نابیناکە.
 
د. گرێگ مۆلۆنی هۆکاری ئەوەی ددان لەم تەکنیکەدا بەکاردێت روون دەکاتەوە و دەڵێت، لەبەر ئەوەی ددانەکان لەلایەن بەرگریی جەستەوە رەتناکرێنەوە و وەکو تەنێکی نامۆ هەژمار ناکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە