دەرمانسازێک: کافتریاکان و زۆریی تووتنە تامدارەکان هۆکارن بۆ ئالوودەبوونی زیاتر بە ژەهری نێرگەلە

14-10-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پزیشکێکی دەرمانساز رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئاسان بەردەستبوونی نێرگەلە لە کافتریاکان و زۆریی تووتنە تامدارەکان، ئالوودەبوونی گەنجان بە ژەهرەکانی نێرگەلەکێشانەوە زیاد بووە.
 
دکتۆر دیندار فازڵ، پزیشکی دەرمانساز بە رووداوی راگەیاند، نێرگەلە بەهۆی ئەو نیکۆتینەی کە تێیدایە، بە رێژەیەکی زۆر دەکرێت کەسی نێرگەلەکێش ئالوودەی ببێت و چەندان لێکەوتەی مەترسیدار لەسەر جەستەی دروستبکات.
 
دکتۆر دیندار فازڵ دەڵێت: نیکۆتینی نێو تووتنی نێرگەلە دەبێتە هۆی دەردانی دۆپامین لە مێشکدا، ئەمەش ئالوودەبوونێکی بەهێز دروست دەکات. دۆپامین گوێزەرەوەیەکی دەمارییە کە پەیوەندیی بە چێژ هەیە. بەکارهێنەرانی ئاسایی نێرگەلە بە تێپەڕبوونی کات بەرگەگرتنی نیکۆتینیان هەیە، واتە کەسەکە زیاتر لە جاران پێویستیی بە نیکۆتین دەبێت بۆ ئەوەی چێژی تەواو وەربگرێت، هەر بۆیە زیاد نێرگەلە دەکێشێت.
 
بەگوتەی ئەو دەرمانسازە، وازهێنان لە نێرگەلەکێشان دەبێتە هۆی چەندین نیشانەی ناخۆشی پەیوەست بە کشانەوە لە نیکۆتین. ئەم نیشانانە دەتوانن بریتیبن لە؛
 
- نائارامی
- دڵەڕاوکێ
- تووڕەبوون
- سەختیی تەرکیزکردن
- تێکچوونی خەو
- سەرئێشە
- زیادەڕۆیی لە خواردن
 
ئەوەش باس دەکات، هەموو ئەمانە دەرخەری ئالوودەبوونن و گەنجان بە ئاسانی لەو ژەهرخستە نێو جەستەیان وازناهێنن، هەروەها ئەم نیشانانەی کشانەوە هۆکارێکی بەرچاون بۆ ئەوەی تاکەکان بگەڕێنەوە بۆ نێرگەلە، لەکاتێکدا دەستپێکردنی نێرگەلەکێشان لە تەمەنێکی بچووکەوە گەشەکردنی ئالوودەبوون بە نیکۆتین خێراتر دەکات.
 
لە کۆتاییدا گوتی، کەشوهەوای کۆمەڵایەتی، کافتریاکان و سەرنجڕاکێشیی تووتنی تامدار هۆکارن بۆ ئەوەی گەنجان زیاتر ئالوودەی نێرگەلە ببن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە