تەندروستی
کارمەندێکی تەندروستی ئاڵایەکی لوبنانی بەرز کردووەتەوە - د. راکان نەسرەدین، وەزیری تەندروستیی لوبنان لە کۆتا رۆژی لووتکەی تەندروستیی جیهانیدا
رووداو - تەندروستی
وەزیری تەندروستیی لوبنان رایدەگەیێنێت، سەرەڕای ئاستەنگییەکانیان لەڕووی دۆخی سیاسی و ناسەقامگیریی ئابووریی وڵاتەکەیان، هێشتا خەریکی بەئەلیکترۆنیکردنی زانیاری و ئامارە تەندروستییەکانن.
ئەمڕۆ سێشەممە 14-10-2025 د. راکان نەسرەدین، وەزیری تەندروستیی لوبنان لە کۆتا رۆژی لووتکەی تەندروستیی جیهانیدا رایگەیاند، ''سەرەڕای شەڕ و قەیرانەکان، سیستمێکی ئەلیکترۆنی تۆکمەمان داناوە و بە وردی کار لەسەر داتا تەندروستییەکان دەکەین''.
هەر ئەمڕۆ لە هەمان ئەو پانێڵەی کە وەزیری تەندروستیی لوبنان قسەی تێدا کرد، پڕۆفیسۆر هێی کلاوز کخیم، سەرۆکی زانکۆی شاریتە لە ئەڵمانیا گوتی، داتای سەر کاخەز هیچ سوودێکی نییە و پێویستە هەموو دامەزراوەکان بە ئەلیکترۆنی بکرێن بەتایبەت بواری تەندروستی.
لووتکەی تەندروستیی جیهانی
لووتکەکە بە سەرپەرشتیی ئیمانیۆڵ ماکڕۆن، سەرۆکی فەرەنسا و فرێدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و لە 12 تاوەکو 14ی ئەم مانگە لووتکەی تەندروستیی جیهانی (WHS 2025)، لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا دەبێت و لووتکەکە بە دروشمی "وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی تەندروستی لە جیهانێکی پارچەپارچەبوودا" کار دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ ئاڵنگارییە تەندروستییە جیهانییەکان.
ئەم کۆبوونەوە سێ رۆژییە، کە بە یەکێک لە پلاتفۆرمە سەرەکییەکانی تەندروستیی جیهانی دادەنرێت، زیاتر لە چوار هەزار بەشداربووی بە راستەوخۆ و 10 هەزار بەشداربووی ئۆنڵاین کۆدەکاتەوە. لەنێویدا زیاتر لە 70 پانێڵ و 400 قسەکەر لە بوارەکانی سیاسەت، زانست، کەرتی تایبەت و کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری تێدا دەکەن.
بەرنامەی لووتکەکە تیشک دەخاتە سەر چەند پرسێکی گرنگی تەندروستیی جیهانی، لەوانە: کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر تەندروستی، داهێنانە دیجیتاڵییەکان لە تەندروستیدا، یەکسانی لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، ئامادەکاری بۆ پەتای داهاتوو، نەخۆشییە درێژخایەنەکان و بەرەنگاربوونەوەی بەرگریی بەکتریاکان دژی دەرمانەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ