رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کۆیە لیستی ئەو خۆراکانەی بڵاوکردەوە کە نابێت لەنێو فرۆشگە (حانووت)ـی قوتابخانە و خوێندنگەکاندا بفرۆشرێن؛ چپس و خواردنەوە وزەبەخش و گازییەکانیشی تێدایە. پسپۆڕێکیش هۆشداری لەبارەی خۆراک و خواردنەوە لەقوتوونراوەکان دەدات.
بەپێی بڕیارەکەی تەندروستیی کۆیە، فرۆشگەی قوتابخانەکان پێویستە خۆراکە فرێشەکانیان بە ئاوی پاک بشۆنەوە و دایانپۆشیبێت.
لیستی خۆراکە رێگەپێنەدراوەکان لە فرۆشگەی خوێندنگەکاندا؛
1- خواردنەوە وزەبەخشەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە.
2- خواردنەوە گازییەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە.
3- چپس بە هەموو جۆرەکانییەوە.
4- ئەزبەری، چلوورە، ئایسکرێم و مۆتە.
5- جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلە.
6- لەفەی (پەتاتە، قیمە و جگەر).
7- بنێشت، سماق، کێکی کرێمدار، لیمۆندزی، تەمەر هیندی و مەساسە بە هەموو جۆرەکانیانەوە.
8- چەرەسی توێکڵدار.
9- خۆراکی ئامادەکراو لە دەرەوەی قوتابخانە.
10- چوکلێت، شەکرۆکە، جەلی و هەر شیرینییەک لەشێوەی (چەک، جگەرە و حەب) بێ.
تەندروستیی کۆیە جەختیشی لەوە کردەوە، هەموو خاوەن فرۆشگەیەک پێویستە مۆڵەتی تەندروستی و کارتی تەندروستی هەبێت.
هەر ئەمڕۆ رۆزا دلێر، پسپۆڕی زانستی خۆراک بە رووداوی راگەیاند، خۆراکە لەقوتوونراوەکان زۆرجار لە رووکاری دەرەوەیاندا دیارن کە شیاونین بۆ خواردن وەکو؛ (قوپاوی، درز، ئاوساوی و ژەنگهێنان).
هەروەها رۆزا دلێر گوتی، ''منداڵان باشترە هەمیشە هۆشیار بکرێنەوە لە رەچاوکردنی ماوەی بەسەرچوونی هەر خۆراکێک کە دەیخۆن، بەتایبەت ئەوەیان پێبگوترێت کە ماوەی بەسەرچوون دەبێت هەڵکۆڵدرابێت و بە ئاسانی لێنەبێتەوە''.
لەبارەی خۆراکە فرێشەکانیش هۆشداری دا، دەبێت لەنێو ساردکەرەوەدا دابنرێن و رەچاوی پلەی گەرمیی شوێنی هەڵگرتنەکانیان و پاکوخاوێنیی فرۆشگەکە و فرۆشیارەکە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ