رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ چارەسەری شێرپەنجە لە هەولێر رایدەگەیێنێت، رێژەی چاکبوونەوەی منداڵان لە شێرپەنجەکانی خوێن زۆرە و دەگاتە 80٪.
ئەمڕۆ شەممە 15-2-2025 هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی منداڵان، د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر کە پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێنە لە بوولتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، چاکبوونەوەی منداڵان بە شێرپەنجەی خوێن کە باوترینە زۆرە، بەڵام هۆشدارییەکیش دەدات.
د. هەردی جەواد روونی دەکاتەوە، چارەسەرەکان لە نەخۆشخانەکە بەردەستن بەڵام زۆرجار بەهۆی هەڵە مامەڵەکردن لەگەڵ تووشبووانی شێرپەنجەکە، وادەکات ببێتەهۆی گیانلەدەستدانی تووشبووەکە، بەجۆرێک ئەوان دەشێت تووشی هەوکردنی تووند بن، چونکە بەرگریی جەستەیان لاوازە؛ ''بۆیە نابێت زۆر بەرکەوتەیان لەگەڵ خەڵکدا هەبێت''.
د. هەردی جەواد دەڵێت: لەنێو نەخۆشخانەکە چەندان خزمەتگوزاریی جیاواز بەردەستن وەکو 'کلینیکی ددان، گۆڕەپانی یاری و حەوانەوە، پشکنینی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و دۆخی تووشبووان، هۆبەی تایبەت بە وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی'.
د. هەردی جەواد بە دایک و باوکان دەڵێت کە لەکاتی بینینی هەر نیشانەیەکی گوماناوی لە منداڵەکەیانه، پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بکەن و بەدواداچوون بکەن بۆ دۆخی منداڵەکەیان.
باوترین شێرپەنجەکانی منداڵان لە هەرێمی کوردستان
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، باوترین شێرپەنجەکانی منداڵان لە هەولێر و دهۆک 'شێرپەنجەی خوێنە' لە سلێمانی 'شێرپەنجەی مێشکە'.
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەکانی منداڵانە، ساڵانە لەم رۆژەدا چەندین کەمپەین دەستپێدەکرێن بۆ رێگریکردن لە شێرپەنجەکانی منداڵان و پاڵپشتیکردنی تووشبووان.
بەپێی WHO، ساڵانە لە جیهاندا زیاتر لە 400 هەزار منداڵ و مێردمنداڵ لە تەمەنی خوار 20 ساڵان وەک تووشبووی شێرپەنجە دەستنیشاندەکرێن.
نزیکەی 2000 منداڵی تووشبووی شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون {لێرەوە درێژەی بابەت ببینە}.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ