رووداو - تەندروستی
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ پڕۆفیسۆرێکی فیسیۆلۆژیی جەستە لەبارەی گوشاری دەروونی باشترین رێگەکانی کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی و خەمگینی باس کران، پسپۆڕەکە دەڵێت، دەردەدڵ بکەن و هیچ شتێک لە دڵدا مەهێڵنەوە.
د. تاهیر بەهجەت، پسپۆڕی فیسیۆلۆژیی جەستە و مامۆستای زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئەوانەی دڵەڕاوکێیان هەیە، ناتوانن بە باشی بیربکەنەوە و زیادبوونی لێدانی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ئارەقکردنەوە نیشانەی دڵەڕاوکێن.
دەقی وەڵامەکانی د. تاهیر بەهجەت لەنێو ئەو هەڤپەیڤینەی لەگەڵ دکتۆر لونا خالید ئەنجامی دا؛
رووداو: دکتۆر ئەمە شانازییە کە لەگەڵمانی..
د. تاهیر بەهجەت: زۆر سوپاس
رووداو: دکتۆر با قسە لەسەر گوشاری دەروونی بکەین، پرسیاری یەکەمم ئەوەیە ئایا هەموو گوشارێکی دەروونی ئازاربەخشە؟ یان هەندێکجار یارمەتیدەرە؟
د. تاهیر بەهجەت: نەخێر، هەموو گوشارێک زیانی نییە. لە راستیدا بوونی کەمێک گوشار زۆر بەسوودە. ژیان بەبێ گوشار بێزارکەر دەبێت، کەواتە کەمێک گوشار بەسوودە، چونکە لە راستیدا جەستەمان وا بەرنامەڕێژکراوە کە بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ گوشاری دەروونیی کەمدا بکات بۆ ماوەیەکی کورت، بەڵام کاتێک ئەمە ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت کە زیانبەخش دەبێت، کاریگەریی زیانبەخشی لەسەر جەستە دەبێت. گوشار دۆخێکی گرژیی دەروونییە لە وەڵامی رووداوێکی بەردەوامی ژیاندا. دەکرێت دۆخی سۆزداری و کۆمەڵایەتی بێت. زۆرجار بەهۆی شکست لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانمانەوە دروست دەبێت جا چ سۆزداری بێت، چ ئابووری یان مرۆیی بێت. کەواتە داخوازییەک هەیە و کاتێک هزر شکستی هێنا یان کەسەکە شکستی هێنا لە وەڵامدانەوەی ئەم داواکارییە، هەموو جەستە دەچێتە دۆخی گوشارەوە. دەتوانین گوشار دابەش بکەین بۆ دوو جۆر، گوشاری ئەرێنی کە لێرەدا ئاستی گوشار ئەوەندە نزمە کە کاریگەریی ئەرێنیی ئەو گوشارە وا دەکات بەرەوپێشت ببات یان دەتوانێت شێوازی کارکردنت بەرز بکاتەوە. بەڵام دڵەڕاوکێ بریتییە لە ئاستی ئەو گوشارەی کە ئەوەندە بەرزە، زیان بە تەندروستی و تەندروستی گشتیت دەگەیێنێت، ئەمە ئەوەیە کە پێی دەڵێین، دڵەڕاوکێ، کەواتە رەنگە ئێمە گوشارمان لەسەر بێت، و دەتوانین پێشی بڵێین، دڵەڕاوکێ.
رووداو: باشە دکتۆر، دیارترین نیشانەی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ چییە؟
د. تاهیر بەهجەت: باشە، نیشانەکان هەمان شتن، گوشاری هەمان نیشانەی هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا نیشانەکان دەتوانیت دابەشی بکەین بەسەر نیشانە سۆزداری، جەستەیی، رەفتار و هزرییەکان. نەخۆشێک کە گوشاری دەروونی هەبێت، ناتوانێت جەخت بکاتەوە و زوو شت لەبیر دەکات بۆیە ئەمانە هەمووی نیشانەی هزرین، بەڵام نیشانەکانی وەکو زیادبوونی لێدانی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ئارەقکردنەوە دەشێت نیشانەی جەستەیی بن، لەڕووی سۆزدارییشەوە دەکرێت ئاوەزێکی کەمت هەبێت. بۆیە کەمبوونەوەی حەز و ئاوەز دەکرێت نیشانەیەکی دیاری گوشار و سەرلێشێواوی بێت. وەک گوتم. ئەمە بۆ هەردوو جۆرەکەی گوشار باوە. بەڵام ئەگەر ئەم نیشانانە بۆ ماوەیەکەی زۆر بەردەوام بن، ئەوا دەبێتەهۆی خەمۆکی.
رووداو: ئەگەر نیشانەکان خراپتر بوون، چی بکرێت؟
د. تاهیر بەهجەت: ئەگەر خراپتر بوو، پێویستە دەستنیشانی بکەین یان پێویستە ئاگادار بین کە تووشی چ ئاستێکی گوشار دەبین، وەک گوتم بەبێ گوشار ژیان بێزارکەر دەبێت، ئەگەر هەموو شتێک ئارام بێت چێژ لە ژیانێکی لەو جۆرە نابینیت. بەڵام ئەگەر کەمێک گوشارت هەبێت، توانای کارکردنت بەرز دەبێتەوە، بەهۆی ئەو هۆرمۆنانەی لەو کاتەدا دەردەدرێن کە بریتین لە کاتیکۆلامینەکان، ئێمە پێیان دەڵێین، ئەدریناڵ و نۆرادرینالین، ئەمەش دەتخاتە دۆخێکی وریایی و پێگەیشتوویی دەروونیی کارەکەتەوە. بەڵام گوشاری نائاسایی دەتوانێت ئاوەزت لەدەستبدات و کەمی بکاتەوە، تەنانەت لەوانەیە پاڵت پێوە بنێت بەرەو جۆرێک لە کێشەی دەروونی.
رووداو: خەڵکێکی زۆر ئارەزوویان بۆ هەموو شتێک لەدەست داوە، لێرەدا چی بکەین؟
د. تاهیر بەهجەت: لەدەستدانی حەز و ئارەزوو دەتوانێت نیشانەیەکی خەمۆکیی جیدی بێت، کە ئێمە پێی دەڵێین ئەنهیدۆنیا. ئەمەش لەدەستدانی حەز و ئارەزووە. پێویستی بە چاودێری و راوێژی کەسانی پسپۆڕ هەیە. بەڵام ئامۆژگاری من بۆ خەڵک ئەوەیە کە پێویستە ئاگاداری ئەوە بیت کە بچیت بۆ لای کەسانی شارەزا،و کەی داوای یارمەتی بکەیت؟ وەک گوتم گوشاری راستەقینە ئەوەیە لە ئاستێکی کەم بێت، بەڵام ئاستێک هەیە کە وات لێدەکات هەست بە ماندوویێتی و شەکەتی بکەیت، پێویستە هۆشایر بین و ئەو قۆناخە پشتگوێ نەخەین. چونکە ئەگەر ئەم قۆناخە پشتگوێ بخەیت، دۆخەکە دەچێتە سەر ماندووێتی و دەبێتە هۆی تێکچوونی زیاتری تەندروستی جەستەیی و دەروونیت. بۆیە کاتێک هەست بە ماندووێتی دەکەیت، هەست دەکەیت ناتوانیت هیچ بکەیت و حەزت لە هیچ شتێک نییە، بۆیە پێویستە دابنیشیت. پێویستە ئاستی گوشاری دەروونیت دەستنیشان بکەیت، ئایا بەهۆی کارەکەمە؟ ئایا بەهۆی ماڵەوەیە؟ ئایا بەهۆی پەیوەندییەکانمەوەیە؟ ئایا دۆخی داراییە؟ بۆیە پێویستە هۆکاری گوشارەکە دەستنیشان بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت شتێک لەو بارەیەوە بکەیت. بەڵام زۆربەی کات باشترین کردار بۆ ئەم قۆناخە ئەوەیە کە پشوویەک بدەیت. پشوویەک لە کارەکەت وەربگرە. هەوڵبدە ئەو کارانە بکەیت کە حەزت لێیە. چالاکیی جەستەییت هەبێت، خۆراکی تەندروست بخۆیت، پەیوەندی لەگەڵ کەسانی گونجاو دروست بکەیت، چونکە هەندێک کەس تەنیا نەرێنین، کەواتە دروستە پەیوەندیت لەگەڵ کەسانی ئەرێنیدا هەبێت، ئەمەش مۆراڵت بەرز دەکاتەوە.
رووداو: پێمان بڵێ، چۆن مامەڵە لەگەڵ گوشاری دەروونیدا بکەین بە رێگەیەکی گونجاو و کاریگەر؟
د. تاهیر بەهجەت: مێشک میکانیزمێکی خۆگونجێنەر و چارەسەرکەر دروستدەکات، ئێمە وەکو کاردانەوە میکانیزمی رووبەڕووبوونەوەمان هەیە، ئەم میکانیزمی رووبەڕووبوونەوەیەش هەندێکجار تەندروستە و وات لێدەکات کاری بەسوود بکەیت بۆیە هەوڵ بدە بچیتە دەرەوە، چێژ لە وەرزش و چالاکیی جەستەیی وەربگریت، خۆراکی تەندروست بخۆیت و بە باشیش بخەویت. ئەمانە میکانیزمی ئەرێنیی رووبەڕووبوونەوەی گوشاری دەروونین. بەڵام هەندێکجار کاتێک گوشارەکە دەگاتە ئاستێکی بەرز، میکانیزمەکەش دەکرێت نەرێنی بێت و کەسەکە تووشی ئالوودەبوون بێت، ئالوودەبوونەوە سادەکان وەکو جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحول و تەنانەت ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکانیش.
رووداو: دکتۆر زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونت، ئەمە شانازییەکی گەورەیە
د. تاهیر بەهجەت: زۆر سوپاس. تەنیا دوا ئامۆژگاریم بۆ بینەرەکانتان ئەوەیە کە کەمێک گوشاری دەروونی یارمەتیی تەندروستیی گشتی دەدات و شێوازی کارکردنت باشتر دەکات. بەڵام کاتێک زانیت لە ژێر گوشارێکی زۆردایت، پشوویەک بدە، یاخود کێشەکە بۆ خێزانەکەت یان هاوڕێ نزیکەکانت یان بەڕێوەبەرەکەت باس بکە و لای خۆت مەیهێڵەرەوە، هەوڵبدە خۆت دەرببڕیت.
رووداو: زۆر سوپاس
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ