دەروونناسێک 8 رێنوێنی بۆ پشوویەکی هاوینی چێژبەخش بۆ دەروونی منداڵ باس دەکات

15-06-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

دەروونناسێک 8 رێنوێنی بۆ پشوویەکی هاوینی چێژبەخش بۆ دەروونی منداڵ باس دەکات و یەکێکیان؛ بایەخدانە بە گەشت و سەیران.
 
شاجوان مستەفا، دەروونناس لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، گەشت و گەڕان دەروونێکی ئارام بە منداڵ دەبەخشێت، بەڵام دەبێت بۆچوونی منداڵەکان بۆ ئەو شوێنانەی پێیان خۆشە سەردانیان بکەن وەربگیرێت.
 
شاجوان مستەفا باسی دەکات، پێویستە لە پشووی هاویندا رەچاوی ئەوە بکرێت، منداڵەکان دەروونیان ئارام بێت و ئەو بەهرانەیان لەکاتی خوێندن پەرەیان پێنەدراوە، پەرەیان پێبدرێت و چێژ لە پشووەکەی ببینێت.
 
بۆ ئەمەش ئەم پێشنیازانە بۆ دایک و باوکان دەکات؛
 
1- بۆ ئەو منداڵانەی ئاستی زانستییان باش یان مامناوەندە پێویست ناکات بەشداریی خولی بەهێزکردنی وانەکان بکەن، چونکە ئەمە حەزی خوێندن و فێربوون لەکاتی دەستپێکردنەوەی قوتابخانە کەم دەکاتەوە و منداڵ بێزار دەبێت.
 
2- دایک و باوک رێگە نەدەن خەوی منداڵەکەیان تێکبچێت، بەشێوەیەک تاوەکو درەنگانی شەو بە خەبەر بن و تا نیوەڕۆش بخەون، چونکە ئەمە زیان بە گەشەی مێشکیان دەگەیێنێت.
 
3- کاتی بەکارهێنانی ئایپاد یان مۆبایل و یارییە ئەلیکترۆنییەکان بۆ منداڵەکەت دیاری بکە؛ رێگە مەدە بەبیانووی هەبوونی کاتی زۆر منداڵەکەت بەدڵی خۆی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەکاربهێنێت، چونکە ئەمە کاریگەریی لەسەر خەو، خواردن، گەشەی مێشک، جەستە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دادەنێت.
 
4- بزانە منداڵەکەت حەزی لە چییە؟ مەلەکردن، شەتڕەنج، دووگۆڵی، بالە، وێنەکێشان، میوزیک، فێربوونی زمان..... هەر شتێک منداڵ پێی خۆشە فێری بێت با لەم پشووەدا خولی فێربوونی بۆ ببینێت، بەمە توانا و کارامەیی نوێ فێر دەبێت.
 
5- کاتێکی تایبەت بۆ خوێندنەوەی منداڵ دیاری بکەن کە تیایدا کتێبی باش و بەسوود بخوێنرێتەوە.
 
6- رێگە بە منداڵەکەت بدە بەدڵی خۆی یاری بکات، چونکە کاتی قوتابخانە ئەو دەرفەتەی نابێت، هەروەها گرنگی بدەن بە کڕینی یاریی هزری بۆ منداڵەکەت؛ ئەمە هاوکاری دەبێت تاوەکو مێشکی باشتر گەشە بکات.
 
7- هەمیشە منداڵ پێویستی بە خواردنی بەسوودە، لە پشووەکاندا با کاتی ژەمەکانی تێک نەچێت و خواردنی تەندروست بخوات.
 
8- گەشت و گەڕان دەروونێکی ئارام بە منداڵ دەبەخشێت، بەڵام دەبێت بۆچوونی منداڵەکان بۆ ئەو شوێنانەی پێیان خۆشە سەردانیان بکەن وەربگیرێت.
 
لە کۆتاییدا ئەو دەروونناسە گوتی، ''دەروونێکی ئارام بەندە بەو ژینگەیەی کە تیایدایت، بۆ منداڵیش بەهەمان شێوەیە؛ ماڵێکی ئارام کەتیادا رێز لە ویستەکانی بگیرێت و بایەخی پێبدرێت وادەکات پشوویەکی بە چێژ  بەسەر ببات و بەحەزەوە کارەکانی بکات''.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە