رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ کۆنفرانسی توێژینەوەی نیشتمانیی لقی کوردستانی IFMSA بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن کۆمەڵەی خوێندکارانی پزیشکی ئامادە کراوە و تێیدا 8 توێژینەوە رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی باشترین توێژینەوە دەکەن.
لە کۆنفرانسەکەدا لێکۆڵینەوەکان لەلایەن خوێندکارانی پزیشکی لە زانکۆ جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە زمانی ئینگلیزی نووسراون و لە هەولێر پێشکێش دەکرێن، هەر سێ سەرکەوتووی یەکەم خەڵات دەکرێن و لیژنەیەکی پێکهاتوو لە شەش پزیشک وەکو لیژنەی دادوەریی هەڵسەنگاندن بۆ لێکۆڵینەوەکان دەکات و بڕیار لەسەریان دەدات.
لەم چالاکییەدا، 200 خوێندکار و پزیشک لە کۆنفرانسەکە ئامادە دەبن و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنفرانسەکە دەکات.
ناونیشانی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لەنێو کۆنفرانسەکە پێشکێش دەکرێن؛
- کاریگەریی شێوازی منداڵبوون و کێشی منداڵەکە لەسەر مردنی منداڵەکان.
- بەراوردی نێوان کاریگەریی دوو جۆرە دەرمان لەسەر شێرپەنجەی خوێن.
- کاریگەریی مەشقی هاوینە لەسەر خوێندکارانی پزیشکی.
- بەراوردیی نێوان دوو جۆرە تیشک و پشکنین کە بۆ پشکنینی دڵ بەکاردێن.
- خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی چەند بڕوایان بە لێکۆلینەوەی زانستی هەیە؟
- برینی گەدە و کارتێکەرە مەترسیدارە پەیوەندیدارەکانی لەنێو ئەو نەخۆشانەی هەناوبینیی کۆئەندامی هەرسیان بۆ کراوە لە پارێزگای دهۆک - کوردستانی عێراق.
- هەڵەپزیشکییەکان لەنێوان پزیشکانی نیشتەجێ و پسپۆڕ لە شاری هەولێر.
- ئاستی هۆشیاریی دایکان لەبارەی شیردانی سرووشتی.
دکتۆر رەوێن خاڵس، سەرۆکی دەستەی رێکخەرانی کۆنفرانسەکە لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، ئامانجمانە سەکۆیەک بۆ خوێندکاران بڕەخسێنین کە بتوانن کارەکانیان نیشان بدەن و تواناکانیان دەربخەن.
دکتۆر رەوێن خاڵس دەڵێت: پێویستە توێژینەوە و بایەخدان بە توێژینەوە ببێتە کولتوورێک لەنێو خوێندکاران تاوەکو بەوپەڕی ئاستبەرزییەوە توێژینەوەکانیان بکەن و ئەنجامی بەسوود بخەنەوە.
لەبارەی IFMSA و لقی هەرێمی کوردستانی
یەکێتیی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەی خوێندکارانی پزیشکی IFMSA، رێکخراوێکی ناحکومییە، لە ساڵی 1951 دامەزراوە و لە 123 وڵات لقییان هەیە کە نوێنەرایەتی زیاتر لە ملیۆنێک و نیو خوێندکاری پزیشکی دەکەن لە سەرتاسەری جیهاندا. لقی هەرێمی کوردستانی IFMSA وەکو رێکخراوێکی ناحکومی لە کۆلێژی پزیشکی لە ساڵی 2009 دامەزراوە و لە ساڵی 2011 لەلایەن ئەنجوومەنی گشتیی فیدراسیۆنەوە وەکو ئەندامێکی نێودەوڵەتی ناسێندراوە، لەلایەن خوێندکارانی پزیشکییەوە بەڕێوەدەبرێت و زیاتر لە 1500 ئەندامی هەیە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کۆیە و زاخۆ، نۆ زانکۆ لەخۆدەگرێت: زانکۆی هەولێری پزیشکی، زانکۆی کوردستان - هەولێر، زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی، زانکۆی مەعریفە، زانکۆی سلێمانی، زانکۆی نێودەوڵەتیی کایۆن، زانکۆی دهۆک، زانکۆی کۆیە و زانکۆی زاخۆ.
لقی هەرێمی کوردستانی رێکخراوەکە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 400 پڕۆژەی جێبەجێکردووە و ساڵانە سەرپەرشتیی بەرنامەی ئاڵۆگۆڕی خوێندکاران دەکات، ساڵانە پەنجا خوێندکاریش دەنێرێتە دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ