80 ساڵ پێگەیاندنی پسپۆڕانی تەندروستیی گشتی لە فەرەنسا

15-08-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

مێژووی دامەزراندنی سکووڵی نیشتمانیی تەندروستیی گشتی دەگەڕێتەوە بۆ پێش 80 ساڵ، لە 1945 دوای جەنگی جیهانیی دووەم فەرەنسییەکان لەوە تێگەیشتن کە بنیاتنانی ناوەندێکی ئەکادیمیی تایبەت بە پسپۆڕی تەندروستیی گشتی هەنگاوێکی کاریگەر دەبێت بۆ دانانی بناخەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست بە گشت سێکتەرە جیاوازەکانییەوە.
 
سەرەتا سکووڵی نیشتمانیی تەندروستیی گشتی لە شاری پاریس دامەزرا و دەستیانکرد بە پێگەیاندنی کادیری تایبەتمەند لەبوارەکە، دواتر پلانەکە فراوانتر کراو و ئەو سکووڵە گوازرایەوە بۆ شاری رینیس لە رۆژئاوای پاریس. 
 
لەماوەی 80 ساڵی تەمەنی، ئەو سکووڵە بە هەزاران پسپۆڕی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لە بواری تەندروستیی گشتی پێگەیاند و لەڕێگەی توێژینەوە و پڕۆگرامی تەندروستی کاریگەریی زۆریان لەسەر سیاسەتی تەندروستی هەبووە.
 
لە ساڵی 2004ـەوە زیاتر گەشەی سەند، لە سکووڵێکی نیشتمانی و نێوخۆییەوە بووە ناوەندێکی ئەکادیمیی نێودەوڵەتی و کەمپەسەکەی بووە پێشکەوتووتریتن سکووڵی تەندروستیی گشتی و زۆرێک لە خوێندکاران روویان تێکرد تاوەکو خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرای تێدا بخوێنن. چەندان چالاکی دیکەشی تێدا کرا کە ئەمانە وایکرد زۆر بەخێرایی پێش بکەوێت.
 
لە ساڵی 2008 ناوی گۆڕا بۆ سکووڵی خوێندنی باڵای تەندروستیی گشتی ئەمەش بەگوێرەی سیستمی خوێندنی باڵای فەرەنسا، ئاستی ئەکادیمیەکەشی بەرز کرایەوە بۆ ئاستی {گراند ئیکۆڵ} واتا سکووڵی تایبەت بە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە بواری تەندروستیی گشتی.
 
هەروەها ئەو سکووڵە پڕۆگرامی هاوبەشی لەگەڵ چەند زانکۆیەکی فەرەنسی وەکو 'زانکۆی سۆربۆن، زانکۆی پاریس سیتێ و زانکۆی بۆردۆ' داڕشت تاوەکو کورسیی زیاتر بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای تەندروستیی گشتی زیاد ببێت. پاشانیش چەندان خولی راهێنانی ئەکادیمی تێدا کرایەوە کە تایبەت بوو بە بواری تەندروستیی گشتی لە سێکتەری، 'ئابووری، تەندروستی، یاسای تەندروستی، پەروەردەی تەندروستی و بەڕێوەبردنی تەندروستی و چەندانی دیکە'.
 
سکووڵی نیشتمانیی تەندروستیی گشتی لە زۆرێک لە وڵاتان بە سکووڵی فەرەنسی بۆ تەندروستیی گشتی ناوبانگی دەرکردووە، بەهۆی ئەو گەشەسەندنە بەردەوامەی ئێستا هەیەتی، ژمارەی خوێندکاری بەکالۆریۆسی تێدا سنووردار کراوە بۆ 30 خوێندکار لە ساڵێکدا، بەڵام دەرفەتی ماستەر و دکتۆرا زۆر زیاتر بوو دوای ئەوەی لەگەڵ سێ زانکۆی بەنێوبانگەکە هاوئاهەنگییان کرد.
 
ئێستا ژمارەی کاندیدانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا نزیکەی 1300 خوێندکارە و ساڵانە نزیەکی 7 هەزار پسپۆڕی جیاواز لە نێوخۆ و دەرەوەی فەرەنسا خول و راهێنان لەو سکووڵە دەکەن لەپێناو بەدەستهێنان و بوون بە پسپۆڕی تەندروستیی گشتی.
 
نووسینی: پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. سەنگەر محەممەد، سەرۆکی بەشی تەندروستیی گشتیی زانکۆی هەولێری پزیشکی و دەرچووی سکووڵی نیشتمانیی تەندروستیی گشتی لە فەرەنسا
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە