نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر: تەنیا لە مانگی رابردوودا 90 گەستراوی سەگ تۆمار کراون

15-09-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر ئامارەکانی پێوەدانی مار و دووپشک و گەستی سەگی بڵاو کردووەتەوە و رایدەگەیێنێت، تەنیا لە مانگی رابردوودا 90 کەس سەگ گەستوونی و 63 کەسیش دووپشک پێوەی داون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 15-9-2025 د. سۆران ئەحمەد، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، هەندێک لە حاڵەتەکانی گەستنی سەگ مەترسیدار بوون و ژیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە، بەتایبەت ئەوانەی کە درەنگ دەهێندرێنە فریاکەوتنەکان.
 
د. سۆران ئەحمەد، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن روونی دەکاتەوە، ئەگەر سەگی تووشبوو بە نەخۆشیی هاری، گاز لە دەموچاو یاخود پەلەکانی سەرەوەی جەستە بگرێت، ئەوا ژەهری نەخۆشییەکە بە خێرایی و ئاسانتر بۆ مێشک دەگوازرێتەوە و ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک و دڕکەپەتک زیاددەبێت.
 
بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەکە، مانگی رابردوو (63 پێوەدراوی دووپشک، 90 گەستراوی سەگ و پێوەدراوێکی مار) تۆمار کراون.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، هاریی سەگ نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و دووچاری کۆئەندامی دەمار دەبێت، هاوکات نەخۆشییەکە مرۆژەڵییە، واتە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
 
نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە سەگ
 
* دەرکەوتن؛ 2 بۆ 4 مانگ
* تا و گەشکە
* هەستیاری بە رووناکی و ئاو
* قورسیی قووتدان و لیکی زۆر
* ئیفلیجی
 
نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە مرۆڤ    
 
* دەرکەوتن؛ 2 مانگ بۆ ساڵێک
* ئیفلیجی
* تا و رشانەوە
* قورسیی قووتدان
* هەوکردنی مێشک و کۆئەندامی دەمار
* زیادبوونی لیک
* تێکچوونی باری دەروونی
* گازگرتن
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە