رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران بڵاوی کردووەتەوە، بۆ یەکەمجارە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی بلێ بە تەکنیکێکی پێشکەوتوو و کەمئازار بەردی گورچیلە دەردەهێندرێت. ئەو دەڵێت، لە هەولێر ئەو جۆرە کارە ناکرێت.
بەگوێرەی نەخۆشخانەکە، 10 بەرد لە گورچیلەی خانمێکدا و دوو بەردی 2.5 سانتیمەتر و یەک سانتیمەتری لە گورچیلەی پیاوێک بە تەکنیکی هەناوبینیی تەنیشت دەرهێنراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 15-9-2025 د. دانا شێروانی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ لە نەخۆشخانەکە کە سەرپەرشتیی نەخۆشەکانی کردووە بە رووداوی راگەیاند، هەناوبینی (نازوور)ـی تەنیشت بەجۆرێکە؛ کونێک لە سکی نەخۆشەکە دەکرێت و بە هەناوبین بەردەکە دەشکێندرێت و لێزەری لێدەدرێت، پاشان دەردەهێندرێت.
بەپێی ئەو پسپۆڕە، جیاوازیی ئەنجامدانی دەرهێنانی بەرد بە هەناوبین لەگەڵ هەڵدڕین ئەمانەن؛
- برینەکەی بچووکە.
- ئەگەری تووشبوون بە هەوکردن کەمترە.
- ئەگەری خوێنبەربوون کەمە.
- نەخۆش زووتر چاک دەبێتەوە.
- ئازاری نەخۆش کەمترە.
- نەخۆش کەمتر لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە.
''ئامانجم ئەوەیە نەخۆش نەچێتە نەخۆشخانەی تایبەت''
د. کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران بە رووداوی راگەیاند، لە زۆر شوێنی هەولێر لەڕێگەی برینی گەورە و هەڵدڕینی سکەوە ئەو کارە دەکرێت، بەڵام خۆشبەختانە لە نەخۆشخانەکانی سنووری سۆران ئەمە بە هەناوبین دەکرێت و کەمئازارە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران گوتی، ''ئێستا لە نەخۆشخانەی بلێ و سۆران پێشکەوتووترین ئامێر بۆ نەشتەرگەری بەردەستن کە لە نەخۆشخانە تایبەتییەکانیشدا نین''.
ئەو گوتیشی، ''ئامانجم ئەوەیە نەخۆش نەچێتە نەخۆشخانەی تایبەت و هەموو کارێکی لە نەخۆشخانە حکومییەکان بە پێشکەوتووترین ئامێر بۆ بکرێت''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ