رووداو - تەندروستی
پۆدکاستی ئەمجارەی کلینیکاست لەبارەی پزیشکیی دادە و باسی چیرۆکی نێو بەشی توێکاریی تەرم دەکرێت، میوانەکە پسپۆڕێکی پزیشکیی دادە و دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی 40 ساڵە پزیشکە و هەزاران مردووی بینیوە و توێکاریی بۆ کردوون، کەچی هێشتا ترسناکترین و سامناکترین شت لەلای ئەو، جەستەی مردووە.
د. فەیسەڵ بلباس، پسپۆڕی پزیشکیی داد میوانە و باسی چیرۆکێکی دەکات کە بە توێکاری هۆکاری مردنەکەی ئاشکرا کردووە و دەڵێت، باوکێک پەیوەندیی پێوە کردوون و گوتویەتی، کە چووەتەوە ماڵەوە، منداڵەکەی گیانی لەدەستداوە، بەڵام کاتێک د. فەیسەڵ منداڵەکەی بینیوە گومانی بۆ دروستبووە، چونکە لەسەر جەستەی شوێنەواری سووتان و برین هەبووە، دوای توێکاریی تەرمەکە؛ دەرکەوتووە لەلایەن زڕدایکییەوە کوژراوە.
د. فەیسەڵ بلباس باسی ئەوە دەکات، دادپزیشکی پیشەیەکی قورسە، چونکە لەگەڵ مردوودا مامەڵە دەکەن و زۆرجاریش هەبووە بە کاژێرە درەنگەکانی نیوەشەو لەگەڵ مردوودا ماونەتەوە، بەڵام هێشتا باسی ترس لە جەستەی مردوو دەکات و دەڵێت: هەرگیز بە تەنیا ناچینە لای مردوو، بەڵکو دەبێت چەند کارمەندێکمان لەگەڵدا بن.
ئەو پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، مەرج نییە هەر کەسێک برایە توێکاری، ئیدی سینگ و هەناو و جەستەی هەڵبدڕێت، چونکە هەندێک حاڵەت بە رووکاری دیارە کە هۆکاری مردنەکەی چی بووە.
یاخود توێکاری بە شێوەی گشتی نییە و تەنیا بەشی ئامانجداری جەستەکە کە گومان لەسەر هەیە، توێکاریی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ