رووداو - تەندروستی
دەروونناسێکی کلینیکی رایدەگەیێنێت، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دەروونی مرۆڤ هەیە و بەپێی توێژینەوەیەک کە لەسەر زیاتر لە هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە، ئەوانەی ترسیان لە گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، 14% ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی هەیە
رۆژی شەممە 15-11-2025، دەریا رۆستەم، دەروونناسی کلینیکی، لە بووڵتەنی تەندروستی راگەیاند، "گۆڕانی کەشوهەوا چەندین لێکەوتەی تەندروستیی هەیە و رێژەی دڵەڕاوکێی گۆڕانی کەشوهەوا بەرزە."
بە گوتەی دەریا رۆستەم، لە توێژینەوەکەیاندا کە نموونەی زیاتر لە هەزار کەسی سەروو 18 ساڵیان لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق وەرگرتووە، دەرکەوتووە کە "ئەوانەی ترسیان لە گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، 14% ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی و 13% ئەگەری تووشبوونیان بە دڵەڕاوکێ هەیە."
ئەو دەروونناسە ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەرێمی کوردستان نیگەرانییەکان بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا زیاترە وەک لە عێراق، ئەمەش بۆ بوونی ئاستی هۆشیارییەکی بەرز دەگەڕێتەوە."
دەریا رۆستەم دەڵێت، نیگەرانیی گەنجان بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا کەمترە، "بەهۆی سەرقاڵییان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خوێندن و کارەوە."
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە دەروونییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری، دەریا رۆستەم پێشنیاز دەکات کە "لە قوتابخانە و زانکۆکان هۆشیاریی زیاتر دەربارەی گۆڕانی کەشوهەوا بڵاوبکرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ