پسپۆڕێک: بە تەقینەوەی کارخانەکانی یۆرانیۆم مادەی کوژەر و مەترسیدار بڵاو دەبێتەوە

16-06-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
د. ئەدیب هەورامی، پسپۆڕی فیزیای ناوەکی
د. ئەدیب هەورامی، پسپۆڕی فیزیای ناوەکی
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی فیزیای ناوەکی رایدەگەیێنێت، تەقینەوەی کارخانەکانی یۆرانیۆم مەترسیدارە و گازە ژەهراوییەکانی لێدەردەچێت کە دەشێت پێست بسووتێنن، سییەکان لەکار بخەن و ببنەهۆی مردن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 16-6-2025 د. ئەدیب هەورامی، پسپۆڕی فیزیای ناوەکی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند، ئەگەر تەقینەوە لە بنکەی نەتەنز رووبدات و مادە تیشکاوەرییە ئەتۆمییەکان بڵاو ببنەوە، ئەوا گازی 'یۆرانیۆم هێکسافلۆراید'ـی لێوە دەردەچێت کە ژەهراوییە و بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەکاردەهێندرێت.
 
د. ئەدیب هەورامی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لەبارەی مەترسیی ئەو گازە ژەهراوییە دەڵێت: دەچێتە هەواوە و ئەگەر بەر پێست بکەوێت، دەیسووتێنێت؛ ئەگەر بەر چاو بکەوێت، کوێری دەکات؛ هەڵبمژرێت، سییەکان لەکاردەخات؛ رێژەی کالسیۆم لە خوێندا ناڕێک دەکات کە دەبێتەهۆی مردن.
 
ئەو پسپۆڕە گوتی، وڵاتانی کەنداو زۆرترین زیانیان پێدەگات بەتایبەت کوێت، عێراق، بەحرێن، قەتەر و ئیمارات، بەڵام کەمترن کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
یەکێک لە یاساکانی نێودەوڵەتی کە 127 وڵات پابەندیان بوون ئەوەیە کە نابێت لەکاتی جەنگدا هێرش بکرێتە سەر کارخانە ئەتۆمییەکان و نابێت چەکی ئەتۆمی بەکاربێت.
 
لەم بابەتەوە مەترسیی زیاتری مادە تیشکاوەرییەکانی یۆرانیۆم بزانە؛
 
لە ئێراندا دوو کارخانەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەن، نەتەنز و فۆردۆ؛ بەرەبەیانی رۆژی هەیینی 13-06-2025، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئێران. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکەیان "لە دڵی پرۆگرامی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران"ـی داوە و ئامانجیان دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز و زانایانی ئەتۆمی بوون.
 
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە بە دیاریکراوی دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنزی کردووەتە ئامانج و "زانایانی ئەتۆمی"ـش بەشێک بوون لە ئامانجەکان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە