رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە، 16-06-2025، تۆمارکردنی تووشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوونی لە سلێمانی راگەیاند و دەڵێت، "باری تەندروستیی تووشبووەکە جێگیرە."
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، تووشبووەکە پیاوێکی تەمەن 41 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانییە. هۆکارەکەشی بۆ "بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو لەکاتی سەربڕینی چەندین ئاژەڵ" گەڕێندراوەتەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە، پشکنینی پێویستی بۆ کراوە و ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و چارەسەر وەردەگرێت.
لەبارەی ئاماری نەخۆشییەکە لە هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، لە کۆی چەندین حاڵەتی گومانلێکراو، تەنیا 6 تووشبوون بە تای خوێنبەربوون پشتڕاستکراونەتەوە. لەو 6 تووشبووە، تووشبوویەک بەهۆی سەختیی نەخۆشییەکەیەوە گیانی لەدەستداوە و حاڵەتەکانی دیکە بە تەواوی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەکات پابەندی رێنوێنییەکان بن و لەکاتی هەبوونی گومان لە تووشبوونی ئاژەڵەکانیان، تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگاداربکەنەوە.
هاوکات داوا لەو کەسانە دەکات کە بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵ هەیە، لەکاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی نائاسایی، "بەخێرایی و بێ دواکەوتن" سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ