تەندروستی
کاتی بەڕێوەچوونی سیمینارێک لەبارەی باسکردنی تایبەتمەندییەکانی بەشی پاڵیەتیڤی نەخۆشانەی هیوا بۆ پسپۆڕان و کارمەندانی عێراقی.
رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی هیوا رایدەگەیێنێت، لەڕووی خزمەتگوزارییەکانی بەشی پاڵیەتیڤ دەبێتە ناوەندێکی فێربوون و ئەزموونلێوەرگرتن بۆ کارمەند و پزیشکانی ناوەندەکانی شێرپەنجە لە عێراق، پسپۆڕێکی نەخۆشخانەکەش دەڵێت، لەو بەشەدا ئەو تووشبووانە خزمەت دەکرێت کە لە کۆتا قۆناخی شێرپەنجەکەیانن و ناتواندرێت بەردەوامی بە ژیانیان بدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 16-9-2025 د. شاڵاو حەمەعەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا بە رووداوی راگەیاند، دامەزراوەی بۆردی شێرپەنجەی عێراقی دەیەوێت ئەزموونی پزیشک و پسپۆڕانی بەشی پاڵیەتیڤی نەخۆشخانەی هیوا بگوازێتەوە بۆ کارمەند و پزیشکانی ناوەندە شێرپەنجەییەکان لە عێراق.
د. شاڵاو حەمەعەلی دەڵێت: پێویستە هەموو نەخۆشخانەیەکی شێرپەنجە بەشی پاڵیەتیڤی هەبێت، نەخۆشانەی هیواش یەکەم نەخۆشخانەیە ئەم بەشەی هەبووە و پسپۆڕی هەناو و پزیشکی خولاو تێیدا خزمەتی چەندان تووشبووی شێرپەنجە دەکەن.
بەپێی نەخۆشخانەکە، ئەو بەشە مانگانە نزیکەی 25 نەخۆشی تێدا دەمێننەوە و ساڵانەش 240 نەخۆش تێیدا دەخەوێندرێن، تاوەکو ئێستاش لەو نەخۆشخانەیە دوو هەزار نەخۆش خەوێنراون.
بەشی پاڵیەتیڤ چییە؟
د. شاڵاو حەمەعەلی لەبارەی بەشەکەوە روونی دەکاتەوە، ئەم بەشە بۆ ئەو جۆرە نەخۆشانەیە کە (دەگەنە قۆناخێک کە ئیدی نەخۆشییەکەیان لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و توانای چارەسەریان نامێنێت) یاخود (هەندێکیان چارەسەری کیمیایی رەتدەکەنەوە) یانیش (لەبەر بوونی نەخۆشیی درێژخایەن و نالەباریی دۆخی تەندروستییان، ناتواندرێت چارەسەری کیمیاییان پێبدرێت و سەرکەوتوو نابێت).
گوتیشی: ئامانجمان ئەوەیە نەخۆش بە ئازارەوە نەمرێت یاخود نیشانەکانی شێرپەنجەکەی کۆنتڕۆڵ بکەین و کەمیان بکەینەوە، بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی لە ژیاندا ماویەتی لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا بە باشی و بە کواڵیتیی ژیانی باشەوە بەڕێی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ