رووداو - تەندروستی
لە فەرەنسا گرێیەکی کۆرپەلەیەک لەنێو سکی دایکیدا بە بەکارهێنانی ''تەکنیکێکی نوێ و کاریگەر'' چارەسەر دەکرێت، دایکی منداڵەکە قسە دەکات و دەڵێ، ئێستا گەشەی باشە و بە ئاسانی خۆراک دەخوات.
ئەو منداڵە ناوی عیسایە و دەرمانی Sirolimus کە ناسراوە بە Rapamycinـی بۆ بەکارهات، ئەوەش وایکرد منداڵەکە دوای لەدایکبوون پێویستی بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد نەبێت و قەبارەی گرێیەکەی هێندە بچووک بێتەوە کە بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ بکرێت.
دایکەکە لە کۆتایی مانگی حەوتەمی دووگیانییەکەیدا بووە و لە نەخۆشخانەی خانمان و منداڵبوونی شاری موڵهاوسی فەرەنسا چارەسەرەکەیان بۆ کۆرپەلەکەی بەکارهێناوە، ئەمەش دوای دەستنیشانکردنی دۆخەکەی کە تووشبووی KMS بووە کە ناسراوە بە کۆنیشانەی کازاباخ مێریت؛ حاڵەتێکی دەگمەنە و ژیانی منداڵ دەخاتە مەترسییەوە، چونکە گرێ لە رووخساریدا دروستدەبێت و لوولەکانی خوێنی تێکدەدات.
بەگوتەی تیمە فەرەنسییەکە، ئەو گرێیە لە ملی منداڵەکەوە درێژدەبووەوە بۆ رووخساری و مەترسیی دروستکردبوو کە هەناسەی بۆ نەیەت، د. کریس مینێلا، پسپۆڕی سەرەکیی تیمەکە دەڵێت، دوای دەستنیشانکردنی گرێی کۆرپەلەکە، پێشنیازکرا هەر لەنێو سکی دایکیدا چارەسەر بکرێت ئەمەش بە پێدانی دەرمانی Sirolimus بە دایکەکە.
د. لۆران گیبۆدا، پسپۆڕی راوێژکاری نەخۆشیی لوولەکانی خوێن سەرپەرشتیی پێدانی دەرمانەکەی کردووە و دەڵێت: ئەوە تاکە رێگەی رزگارکردنی ئەو کۆرپەلەیە بووە لەو گرێیەی کە ناسراوە بە کۆنیشانەی کازاباخ مێریت.
کۆنیشانەی کازاباخ مێریت KMS چییە؟
بەپێی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی ئەمریکا، دۆخێکی دەگمەنی پڕ مەترسییە بۆ سەر ژیانی کۆرپەلە، کە بە خێرایی گرێ لەنێو لوولەکانی خوێن دروستدەبن و گەشە دەکەن، پاشانیش کەسی تووشبوو تووشی کەمخوێنی و کەمبوونەوەی پێکهاتەکانی خوێن دەبێت تا وایلێدێت کە خوێنبەربوون، گرێی نێو لوولەکانی خوێن و خوێنمەیین دروستببن و منداڵەکە گیان لەدەستبدات.
میکانیزمی وەرگرتنی دەرمانەکە چۆنە؟
دەرمانەکە لەڕێگەی دەمەوە درا بە خانمە دووگیانەکە و لەوێشەوە بۆ وێڵاشەوە دەگوازرێتەوە بۆ عیسای کۆرپەلە. بە سەرکەوتوویی کاریگەریی هەبووە. د. لۆران گیبۆدا گوتی، ''ئەمە یەکەمجارە دەرمانی Sirolimus بۆ کۆرپەلە لەنێو سکی دایکدا بۆ چارەسەری ئەو جۆرە گرێیە بەکاربێت''.
منداڵەکە بە تەندروستییەوە لەدایکبوو
عیسا لە نێوەڕاستی مانگی 11ـی 2025دا لە نەخۆشخانەی هاوتپییەر لە ستراسبۆرگی فەرەنسا بە نەشتەرگەری لەدایکبوو، گرێیەکەی بچووکتر بووەوە و بە باشیش هەناسەی دەدا بەبێ ئەوەی پێویستیی بە هەناسەدانی دەستکرد بێت، پاشانیش رێژەی پێکهاتەکانی خوێنی ئاسایی بوون.
د. ئەلێکساندەر شپیگڵ، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن دەڵێت: بە هەموو پێوەرێک ئەمە چارەسەرێکی نایابە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو شێواوییە سکماکییە کە گرێیەکی مەترسیدارە.
بە فەرمی چارەسەرەکە ناسێنرا
ئەم تەکنیکی چارەسەرییە پێشووتر بۆ چارەسەرکردنی شێواوییە سکماکییەکان بەکارهاتووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بۆ ئەو جۆرە گرێیە کوشندەیە بەکاربێت، عیساش یەکەم منداڵ بووە بۆ سوودبینین لەو چارەسەرە.
ئێستا عیسا چۆنە؟
عیسا دوای سێ مانگ لە لەدایکبوونی گەشەیەکی باشی هەیە و سەرەڕای گرێیەکی بچووک لە لاملییەوە، هاروهاجە و ڤیڤیانی دایکی دەڵێت: سەرەڕای بوونی گرێیەکە، ئەو بەباشی خۆراک دەخوات و بە سرووشتیش گەشە دەکات. ئێستا ئەو منداڵە لەژێر چاودێریی پڕۆگرامێکی ورددایە و بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەنجام و لێکەوتەکانی دەرمانی Sirolimus.
لە کۆتاییدا پزیشکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی چارەسەرییەکە فراوانتر بکەن و بۆ چەندین منداڵی دیکەش بەکاریبهێنن. ئەمەش ئومێدێکە بۆ چارەسەری هەشت ملیۆن منداڵ کە ساڵانە بە شێواوی و کۆنیشانە سکماکییەکانەوە لەدایکدەبن.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ