پسپۆڕێک: ئێستا رێژەی تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن لەنێو گەنجاندا زیادبووە

17-05-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
د. سەرکەوت داود، پسپۆری وردی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە.
د. سەرکەوت داود، پسپۆری وردی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە رایدەگەیێنێت، ئێستا گەنجان بە رێژەیەکی زۆرتر تووشی نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێن دەبن و هۆکارەکانیش باس دەکات.
 
ئەمڕۆ شەممە 17-5-2025 هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی پێشگیریکردن لە نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێن، لە بووڵتەنی تەندروستیدا د. سەرکەوت داود، پسپۆری وردی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە رایگەیاند، گەنجان بەهۆی 'کەمجووڵەیی و خواردنی خۆراکی ناتەدروست یاخود گوشاری دەروونیی زۆر و ئالوودەبوون بە تووتن و حکول' دەشێت تووشی بەرزەپەستانی خوێن ببن.
 
د. سەرکەوت داود دەڵێت: 50٪ـی ئەوانەی نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە، پێی نازانن، چونکە نەخۆشییەکی بێدەنگە و تەنیا بە پشکنینی پێشوەختە دەستنیشان دەکرێت.
 
ئەو پسپۆڕە هۆشداری دەدات لەوەی، هیچ کەسێک نابێت دەرمانی کەسێکی دیکە بەکارهێنێت یاخود لەسەری بکڕێتەوە، چونکە هەر یەکێکمان خاوەنی تایبەتمەندیی خۆمانین و پێویستە پزیشک بەگوێرەی چەند پێوەرێکی دیکە، گونجاوترین دەرمان دەستنیشان بکات.
 
پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست رێگەی کاریگەرە بۆ پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکە وەکو؛ 
 
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش.
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە.
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە