تەندروستی
د. دوعا شێخ مووس، دەرمانساز و پسپۆڕی خۆراک - د. هونەر رێبوار. پێشکێشکاری پۆدکاستی نەخۆشنامە.
رووداو - تەندروستی
نەخۆشنامەی ئەمجارە باسی چۆنیەتیی دەستپێکردنی خۆراکی منداڵ کرا و میوانە پسپۆڕەکە دەڵێت: قەڵەویی منداڵ مەترسیدارە و نابێت وەکو پێوەرێکی جوانکاری بۆ منداڵ بەکاربێت.
د. دوعا شێخ مووس، دەرمانساز و پسپۆڕی خۆراک میوانی پۆدکاستەکەیە و دەڵێت: دوای شیری دایک، پێویستە منداڵ سەوزەکانی پێبدرێت و دایکەکە بەجۆرێک سەوزەکانی بۆ ئامادە بکات کە نەرم و شل ببن، واتا بیانکوڵێنێت و لە تێکەڵکەر ''عەسارە''ـیان بدات، ئینجا بیدات بە منداڵ، سەوزەکانیش وەکو کولەکە، گێزەر و پەتاتە.
بەڵام ئەوەشی گوت، ئەگەر منداڵ جاری یەکەم نەی خوارد، زۆری لێنەکرێت و چەندجارە هەوڵی لەگەڵدا بدرێتەوە.
ئەو پسپۆڕە جەخت لەوەش دەکاتەوە، باشترین خۆراک تاوەکو تەمەنی 6 مانگیی منداڵ، شیری دایکە چونکە هەموو ڤیتامین و مادە خۆراکییەکی تێدایە، بەڵام دەشکرێت دوای تەمەنی 4 مانگیی منداڵ، دەست بە سەوزە و هەندێک میوە بکرێت.
ئەو پسپۆڕە ئەم نیشانانە باس دەکات کە دەردەخەی ئەوەن، پیویستە خۆراک بدرێت بە منداڵ؛
- منداڵەکە عەجوولترە و دەیەوێت خۆراک بخوات.
- منداڵەکە لەکاتی دانیشتن جێگیرە و ناکەوێت.
- جووڵەی سەروملی گونجاوە و دەتوانێت بە ئاسانی بیانجووڵێنێت.
- کە خۆراکێک دەدرێت بە منداڵەکە، دەتوانێت بە زمان جووڵەی پێبکات.
- کە خۆراک دەهێندرێتە پێش منداڵ، منداڵەکە سەیر و سەرنجی لەسەر خۆراکەکەیە.
لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی، ''لەم تەمەنانە ئەم خۆراکانە بە منداڵ بدرێن''؛
- مریشک دوای 7 مانگی
- گۆشتی سوور دوای 8 مانگی
- زەردێنەی هێلکە دوای 8 مانگی
- سپێنەی هێلکە دوای ساڵێک
- ماسی دوای ساڵێک
- سێوی کوڵاو دوای چوار مانگی
- فراولە و مۆز بە وردی دوای شەش مانگی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ