رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە هەولێر دەرزییەکی راگرتنی سەرپۆش کە پێی دەڵێن، ''دەمبووس'' لە قوڕگی کچێک دەردەهێندرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-7-2025 رێبوار شێخ محەممەد، بەرپرسی بەشی هەرس و جگەر لە نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، کەسەکە کچێکی تەمەن 18 ساڵ بوو و پێش ئەوەی سەرپۆشەکەی ببەستێت، دەمبووسەکەی لەنێو دەمی دانابوو و قسەی پێوە کردبوو، ئیدی قووتی دابوو.
رێبوار شێخ محەممەد گوتی، کچەکە خۆی هاتبووە نەخۆشخانە و دوای پشکنین زانرا کە دەمبووس لە بەشی خوارەوەی قوڕگی گیربووە و بەبێ برینداربوونی سوورێنچكی، بە هەناوبین دەرهێندرا.
چەند رێنوێنییەک بۆ پێشگیری لە رووداوی لەم شێوەیە بزانە؛
- دوورخستنەوەی ئەو کەلوپەلانەی بە ئاسانی قووتدەدرێن لە منداڵ.
- ئەگەر نەخۆشەکە تەنەکەی لە سوورێنچکی گیربووبوو، نابێت دەست ببرێتە قوڕگی و هەوڵی دەرهێنانی بدرێت، بەڵکو بگەیێندرێتە نەخۆشخانە.
- نابێت نەخۆشەکە هیچ خۆراک و خواردنەوەیەک بخواتەوە تاوەکو بە ئاسانی تەنەکە دەربهێندرێت.
- ئەگەر تەنەکە چووبووە نێو بۆری هەناسەی، ئەوا بە تەکنیکەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ بکرێت یان راستەوخۆ ببرێتە نزیکترین نەخۆشخانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ