چۆن تەرمە سووتاوەکانی ئاگرەکەی کوت دەناسرێنەوە؟

17-07-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هایپەرمارکێتێک لە شاری کوت لە ناوەندی پارێزگای واست، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، 61 کەس بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 14 تەرمیش بەهۆی سووتانەوە نەناسراونەتەوە.
 
بەپێی ئەکادیمیای پشکنینی نێودەوڵەتی، تاکە رێگەی وەرگرتنی نموونە بۆ پشکنینی DNA لە جەستەی سووتاو، ئێسکەکانە، چونکە ئێسک یاخود ددانەکان بەرگەی پلەی گەرمیی 666 پلەی سیلیزی دەگرن و دەتواندرێت DNAـیان تێدا دەستنیشانبکرێت.
 
واتا دەتواندرێت لە خانە و شانەکانی جەستە DNA وەربگیرێت، بەمەرجێک کە نەسووتابێت، بەڵام ئەوانەی کە دەسووتێن تەنیا لەڕێگەی ئێسک و ددانەکانەوە نموونەیان لێوەردەگیرێت بۆ ئەوەی پشکنینی DNAـیان بۆ بکرێت.
 
پڕۆفیسۆر هاژە جەمال، پسپۆڕی جێنەتیک و بۆماوەزانی بە بووڵتەنی تەندروستیی رووداوی گوتووە، پێکهاتەی DNA لە پلەی گەرمیی 190پلەی سیلیزی تێکدەچێت و ناتوانرێت لە شانە ئاساییەکانی جەستە دەستنیشانبکرێت، بۆیە لە رێگەی وەرگرتنی نموونەی ئێسک، پشکنینی DNA بۆ تەرمی سووتاو دەکرێت.
 
بەگوێرەی پەیامنێری رووداو لە کوت، زۆرینەی قوربانییەکانی نێو هایپەرمارکێتەکە، بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەر ئەمڕۆ رایگەیاند، لێکۆڵینەوەی خێرا و ورد لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە