وەزارەتی تەندروستی بۆ نەخۆشخانە تایبەتییەکان: نرخی نەشتەرگەری بۆ تووشبووانی ڤایرۆسەکان زیاد نەکرێت

17-09-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان گشتاندنێکی بۆ نەخۆشخانە و سەنتەرە تایبەتییەکان دەرکردووە و دەڵێ، هەر کەسێک دەرکەوت، پشکنینی ڤایرۆسەکانی (ئەیدز و هەوکردنی جگەر)ـی پۆزەتیڤە، واتا تووشبووە؛ نابێت نرخی نەشتەرگەرییەکانی لەسەر زیاد بکرێن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-9-2025 وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان گشتاندنێکی بڵاو کردووەتەوە کە تایبەتە بە نەخۆشخانە و سەنتەرە پزیشكییە تایبەتییەکان و رایدەگەیێنێت، ئەو نەخۆشانەی تووشبووی ڤایرۆسەکانی ئەیدز و هەوکردنی جگەرن نابێت نرخی نەشتەرگەرییەکانیان بۆ بکرێت بە دوو ئەوەندە یاخود زیاد بکرێت.
 
''بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی نەخۆشخانە تایبەتییەکاندا نییە و پزیشکان ناچار نین پابەند بن''
 
هەر ئەمڕۆ د. سامان تاهیر، راوێژکاری نەشتەرگەریی گشتی لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی نەخۆشخانە تایبەتییەکاندا نییە، چونکە خەرجیی پاکژکردنەوە و گۆڕینی کەلوپەل و کەرستەی نەشتەرگەریی ئەو کەسانەی تووشبووی ڤایرۆسن زۆرە، هەروەها پزیشک و کارمەندانیش دەکەونە مەترسییەوە.
 
د. سامان تاهیر ئەوەشی گوت، بەو بڕیارە نەخۆشخانەکان دووچاری خەرجییەکی زۆر زیاتر دەبنەوە بۆ نەشتەرگەریی تووشبووانی ڤایرۆسەکانی ئەیدز و هەوکردنی جگەر لەکاتێکدا ئەگەر نرخی نەشتەرگەری بە هەمان نرخی نەشتەرگەریی کەسێکی ئاسایی بێت.
 
ئەوەش باس دەکات، هەر نەشتەرگەرێک و کارمەندێک پێویستی بە بیمەی تەندروستی دەبێت بۆ نەشتەرگەریکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی ئەیدز و هەوکردنی جگەر، بەڵام ئەگەر بڕێک پارەیان وەکو بیمە بۆ هەژمار نەکرێت، ئەوا ناچار نابن نەشتەرگەرییەکە بکەن.
 
''وەزارەتی تەندروستی قەرەبووی خەرجیی زیادەی نەشتەرگەریی تووشبووانی ڤایرۆسە گوازراوەکان بکاتەوە''
 
لەم بارەیەوە د. عەبدولفەتاح هەورامی، پسپۆڕی سەلامەتیی تەندروستی بە پێویستی زانی، وەزارەتی تەندروستی میکانیزمی گونجاو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خەرجییە زیادەیە دابنێت کە نەخۆشخانە و سەنتەرەکان دەیدەن لەبری ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ کەسانی تووشبوون بە ڤایرۆسە گوازراوەکان.
 
بەگوتەی د. عەبدولفەتاح هەورامی، پاراستنی هاوسەنگی بە میکانیزمێکی گونجاو گرنگە کە یارمەتیدەر بێت بۆ نەخۆشخانە تایبەتییەکان یاخود نەخۆشانی تووشبووی ڤایرۆسە گوازراوەکان کە پێویستیان بە نەشتەرگەرییە، بۆ ئەوەی بەنرخێکی گونجاو و بە کواڵیتییەکی باش و سەلامەت نەشتەرگەرییەکانیان بۆ بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە