مایۆکلینیک: دایکان دوای منداڵبوون ئەم 7 خاڵە پشتگوێ نەخەن

18-05-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ناوەندی تەندروستیی مایۆکلینیک حەوت خاڵ بۆ پاراستنی تەندروستی لە دوای منداڵبوون بە خانمان دەدات؛ یەکێکیان بەهێزکردنی لایەنی سۆزدارییە لەنێوان هاوژینان.
 
مایۆکلینیک ئەم رێگەیانەی خوارەوە پێشنیاز دەکات؛ 
 
1- شێدارکردنەوەی جەستە؛ ''پێویستە دایکان دوای منداڵبوون هەمیشە بڕی پێویست ئاو بخۆنەوە، چونکە پڕۆسەی چاکبوونەوە باشتر دەکات و وزەی زیاتریشیان پێدەبەخشێتەوە''.
 
2- پشوودان؛ ''خانمان خەویان باش بێت و پشوو بدەن''.
 
3- خواردنی خۆراکی تەندروست؛ ''خانمان بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدەن، چونکە بڕێکی زۆر لە ئاو و مادە ریشاڵییەکان و ڤیتامینیان تێدایە کە وزە و هێزێکی زۆر دەبەخشنەوە بە خانمەکە دوای منداڵبوون''.
 
4- راهێنانی سووک؛ ''لەژێر راوێژی پزیشک چالاکیی جەستەیی وەکو بەپێ رۆیشتن، پیاسەکردن و یۆگا بکرێن، تاوەکو دەروون باشتر بێت و ماسوولکەکانی خانمەکە بە بەهێزی بمێننەوە''.
 
5- پاڵپشتیی کۆمەڵایەتیی بەهێز؛ ''پاڵپشتییەکی پتەو و بەهێزی دەروونی و سۆزداری وا لە خانمان دەکات دووچاری گوشاری دەروونیی دوای منداڵبوون نەبنەوە، ئەمەش دەکرێت لەڕێگەی هاوڕێ، هاوژین و خێزانەوە بێت''.
 
6- چاودێریکردنی برینەکان و ساڕێژبوونەوەیان؛ ''خانمان پێویستە برینی دوای منداڵبوونیان بە خاوێنی بهێڵنەوە بەتایبەت بۆ ئەوانەی بە نەشتەرگەری منداڵیان دەبێت، بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بە هەوکردن''.
 
7- مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ دڵەڕاوکێ؛ ''ئەگەر دوای منداڵبوون خانمان هەستیان بە نائاسوودەیی کرد لە دەروونیان و درێژەی کێشا، باشترە سەردانی چارەسەرکارێکی دەروونی بکەن و رێنوێنیی پێویست وەربگرن بۆ کەمکردنەوەی''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە